کەسێک لە ئەڵمانیا بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و 8 کەسی بریندار کرد
رووداو دیجیتاڵ
فریاگوزاریی ئەڵمانیا دەڵێت، کەسێک لە شاری شتوتگارت ئۆتۆمبێلەکەی بەنێو خەڵکدا کرد و 8 کەسی بریندار کرد. پۆلیس دەڵێت، "هیچ ئاماژەیەک نییە" ئەو رووداوە هێرش بووبێت.
رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025، پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، "نزیک کاژێر 17:50 بە کاتی ئەڵمانیا (18:50 بە کاتی هەولێر) ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو ژمارەیەک هاووڵاتیدا کرد" و "شۆفێرەکەش دەستگیر کرا."
پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە لە ناوچەی ئۆلگایک لە باشووری شتوتگارت روویداوە و بەو هۆیەوە 8 کەس بریندار بوون، کە برینی سێیان سەختە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر زوو داوایان لە خەڵک کرد سەنتەری شار چۆڵ بکەن و لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی شتوتگارت، ئەوەی روویداوە "رووداوێکی تراژیدییە" و هیچ ئاماژەیەک نییە کە هێرش بووبێت.
رۆژی 03-03-2025 لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 11ی دیکە بریندار بوون. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ئەڵمانی و تەمەنی 40 ساڵ بوو.
13-02-2025 ئۆتۆمبێلێک لە شەقامی زایدێ لە شاری میونشن خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و لە ئەنجامدا منداڵێک و دایکەکەی گیانیان لەدەستدا؛ شۆفێرەکە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو.