نەتەوە یەکگرتووەکان: شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندنی یارمەتیی بۆ پەنابەران قورس کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان(UNHCR) دەڵێ، بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نرخی گواستنەوەی کەلوپەل زۆر بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەیاندنی یارمەتی بۆ پەنابەران لە ناوچەکە و ئەفریقاش زەحمەت بێت.
 
نرخی گواستنەوەی کەلوپەل لەو سێ وڵاتەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین کەلوپەلیان لێوە دەهێنێت، واتە هیندستان، پاکستان و چین، نزیکەی 18% بەرزبووەتەوە.
 
بەهۆی داخستنی رێگەکان و قەرەباڵخیی بەندەرەکانەوە، یارمەتییەکان زۆر درەنگ دەگەنە دەست پەنابەران.
 
کارلۆتا وۆڵف، گوتەبێژی ئاژانسەکە دەڵێت، هەر دۆلارێکی زیادە کە دەیدەنە کرێی گواستنەوە و دڵنیایی کەشتییەکان، لەو پارەیە کەم دەبێتەوە کە دەبوو بۆ یارمەتیدانی خەڵک خەرج بکرێ.
 
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات هێرشیان کردە سەر ئێران، تارانیش وەڵامی دایەوە و تەنگەی هورمزـی داخست. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران. ئەم داخستنەی رێگە ئاوییەکان وایکردووە نەوت و پێداویستییەکانی دیکە بە باشی نەگەنە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش نرخی هەموو شتێکی گران کردووە.
 
تێچووی ناردنی یارمەتی لە دووبەیەوە بۆ سوودان و چاد بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە. پێشتر تێچووی ناردنی بارێکی 2 هەزار تۆنی نزیکەی 927 هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 1.87 ملیۆن دۆلار.
 
دۆخی ئەفریقا لەم نێوەندەدا زۆر خراپە. بۆ نموونە لە کینیا، بەهۆی گرانیی سووتەمەنییەوە، ناردنی یارمەتییەکان بۆ ئیسیوپیا، کۆنگۆ و سوودانی باشوور زۆر دواکەوتووە.
 
بەهۆی ئەوەی کەشتییەکان ناچارن رێگەی دوورتر بگرنەبەر، وەک سووڕانەوە بەدەوری ئەفریقادا، گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ سوودان 25 رۆژ زیاتری پێدەچێت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، یارمەتیدانی خەڵک قورستر دەبێت و ناتوانن بە خێرایی بە هانای ملیۆنان پەنابەرەوە بچن. هەروەها ئەم ساڵ رێکخراوەکە پێویستی بە 8.5 ملیار دۆلارە بۆ کارەکانی، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 23٪ـی ئەو پارەیەی بۆ کۆکراوەتەوە.