راپۆرتێک: ئێران پێشنیازێکی نوێ بۆ تەنگەی هورمز دەکات؛ ترەمپ ناڕازییە و رێگەی ناسەربازی دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی نوێی بۆ کردنەوەی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئەمریکا پێشکێش کردووە، بە مەرجێک دانوستاندنەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ کە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، "هەرگیز رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی،" رۆژی هەینی رایگەیاند، لە دوایین پێشنیازی ئێران بۆ دانوستاندن رازی نییە. لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران ئامادەی دیپلۆماسییە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شێوازی مامەڵەکردنی بگۆڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر بنەمایەکی مرۆیی" رێگەی سەربازی و وەشاندنی گورزی نوێی دژی ئێران بەلاوە پەسند نییە. ترەمپ بە سەرکردەکانی کۆنگرێسی راگەیاندووە، پێویستی بە رەزامەندیی ئەوان نییە بۆ درێژکردنەوەی جەنگ لە دوای ئەو وادەیەی کە یاسا دیاریکردبوو، چونکە بە گوتەی ئەو، ئاگربەستی ئێستا کۆتایی بە "دووژمنکارییەکان" هێناوە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی بژاردەکانی بەردەستی، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئایا دەمانەوێت بچین و بە تەواوی بیانخەینە ناو دۆزەخەوە و بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ بهێنین؟ یان دەمانەوێت هەوڵ بدەین رێککەوتنێک بکەین؟" دواتریش لە گوتارێکدا لە فلۆریدا گوتی، ئەمریکا بە زوویی کۆتایی بە رووبەڕووبوونەوەی ئێران ناهێنێت، تەنیا بۆ ئەوەی "سێ ساڵی دیکە هەمان کێشەمان بۆ دروست ببێتەوە."
هەرچەندە ترەمپ بەردەوام دەڵێ پەلەی نییە، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتەکەی لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی 20%ـی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا. پارتی کۆماریی ترەمپ دەترسێت لە هەڵبژاردنی نیوەخولی مانگی تشرینی دووەمدا، دەنگدەران بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە سزایان بدەن.
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی بڕیارەکانێتی، دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممەی لە فلۆریدا بە یاریکردنی گۆڵف بەسەر برد؛ سەرەتا لە هاوینەهەواری (مارالاگۆ) و یانەی (ترەمپ ناشنال گۆڵف) لە نزیک ناوچەی (جوپیتەر). بڕیارە ئێوارەش سەردانی یانەیەکی دیکەی گۆڵف بکات لە نزیک مەیامی کە میوانداریی پاڵەوانێتیی (PGA Cadillac) دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ماوەی چوار هەفتەیە بۆردوومانەکانیان بۆ سەر ئێران راگرتووە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە بەدی ناکرێت کە گەورەترین شڵەژانی لە بازاڕی وزەی جیهانی دروستکردووە. ئێران زیاتر لە دوو مانگە رێگری لە هەموو هاتووچۆیەکی کەشتیوانی لە کەنداو دەکات، جگە لە کەشتییەکانی خۆی؛ ئەمریکاش مانگی رابردوو گەمارۆی خستە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی بۆ بەندەرەکانی ئێران دەچن.
بەرپرسێکی باڵای ئێران، کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (رۆیتەرز)ـی راگەیاندووە، تاران پێیوایە پێشنیازەکەیان بۆ "دواخستنی گفتوگۆی ئەتۆمی بۆ قۆناخێکی دیکە،" گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ ئاسانکردنی رێککەوتن.
بەپێی پێشنیازەکە:
1- جەنگ بە گەرەنتیی ئەوە کۆتایی دێت کە ئیسرائیل و ئەمریکا دووبارە هێرش ناکەنەوە.
2- ئێران تەنگەی هورمز دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکەی لادەبات.
3- گفتوگۆکانی داهاتوو لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبێت لە بەرامبەر لادانی سزاکاندا.
4- تاران داوا دەکات واشنتن رێز لە "مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە" بگرێت، تەنانەت ئەگەر تاران رازیبێت بە کاتی پیتاندنەکە رابگرێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی: "لە ژێر ئەم چوارچێوەیەدا، دانوستاندنەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی بۆ قۆناخی کۆتایی گواستراونەتەوە تاوەکو کەشێکی گونجاوتر دروست ببێت."
ئەم خشتە کاتییە نوێیەی ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە فەرمی گەیێندراوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام واشنتن تاوەکو ئێستا جەخت دەکاتەوە، جەنگەکە کۆتایی نایەت ئەگەر رێککەوتنێک نەبێت کە رێگریی یەکجاری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.