مووشەکێکی وێڵبووی ئیلۆن مەسک بە خێرایی 8700 کم/کاژێر خۆی بە مانگدا دەکێشێت


رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی مووشەکێکی جۆری فاڵکۆن 9ی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە بۆشایی ئاسماندا وێڵ بووە، پێشبینی دەکرێت بەم زووانە بە خێراییەکی نزیکەی 7 هەزار و 700 کیلۆمەتر خۆی بە مانگدا بکێشێت.
 
لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، کۆمپانیای سپەیس ئێکس مووشەکێکی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد. بڕیاربوو بەشی سەرەوەی مووشەکەکە، کە درێژییەکەی 13.8 مەترە، دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بگەڕێتەوە سەر رووی زەوی، بەڵام بەهۆی کێشەیەکەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە و لە خولگەیەکی هێلکەیی گەورەدا بەدەوری زەویدا گیری خوارد و وێڵ بوو.
 
کەی و لە کوێ خۆی بە مانگدا دەکێشێت؟
 
بیڵ گرەی، گەردوونناس و خاوەنی پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەریی تایبەت بە چاودێریکردنی تەنە ئاسمانییەکانە و پێشبینی دەکات، رۆژی 5ـی ئابی ئەمساڵ، خولگەی ئەم رۆکێتە و خولگەی مانگ بەیەکبگەن.
 
لەم کاتەدا، رۆکێتەکە بە خێرایی 8 هەزار و 700 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، کە دەکاتە حەوت هێندەی خێرایی دەنگ، خۆی بە ناوچەیەک لەسەر مانگدا دەکێشێت کە پێی دەگوترێت "چاڵی ئەنشتاین".
 
ئایا مەترسیدارە؟
 
ئەو گەردوونناسە دەڵێت، ئەم رووداوە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ نییە، بەڵام کێشەی "خاشاکی بۆشایی ئاسمان" و کەمتەرخەمی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەی مووشەکەکان دەخاتە روو.
 
بەهۆی پێکدادانە خێراکەیەوە، پێشبینی دەکرێت رۆکێتەکە چاڵێکی بچووک لەسەر رووی مانگ دروستبکات. هەرچەندە پێکدادانەکە لەسەر زەوییەوە بە تەلەسکۆپ نابینرێت، بەڵام مانگە دەستکردەکانی دەوری مانگ دەتوانن وێنەی چاڵە نوێیەکە بگرن.
 
رێکەوتێکی سەیر

خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس سەرقاڵی دروستکردنی مووشەکێکی زەبەلاحە بەناوی "ستارشیپ" بۆ ئەوەی مرۆڤ بباتە سەر مانگ، بەڵام کارەکانی دواکەوتووە. ئێستاش ئەم پارچە مووشەکە کۆنە بە رێکەوت و بە شێوەیەکی تێکدەرانە، پێش پرۆژە سەرەکییەکەی کۆمپانیاکە دەگاتە سەر مانگ.