وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بۆ رووداو: پێداچوونەوە بۆ رێوشوێنە ئەمنییەکانی پاراستنی باڵیۆزخانەی عێراق دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی ئەو گرژییەی هەینیی رابردوو لە باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن دروستبوو، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە رووداوی راگەیاند، "سەرکۆنەی رووداوە ئەمنییە جیدییەکە" دەکات و "پێداچوونەوە" بۆ رێکارە ئەمنییەکانی پاراستنی باڵیۆزخانەکەدا دەکات. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەینیی رابردوو رایگەیاند، "ژمارەیەک کەسی نەناسراو بەشێوەیەکی دوژمنکارانە هەڵیانکوتاوەتەسەر" باڵیۆزخانەی عێراق لە پایتەختی سویسرا و داوای لە حکومەتی وڵاتە ئەوروپییەکە کرد، ناسنامەی ئەنجامدەران و هۆکاری هێرشەکەش ئاشکرا بکات. هەمان رۆژ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رووداوەکەی بە "خۆپێشاندانێکی مەدەنیی چالاکڤانانی کورد دژی گەمارۆدانی کامپی مەخموور لە لایەن سوپای عێراقەوە" ناوبرد. 
 
ئەندریاس هێلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا پشتڕاستیکردەوە، "رۆژی هەینی [26ی ئایار]، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی لەبارەی هەڵکوتانی چەند کەسێک بۆسەر باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن ئاگادار کرایەوە. بە دەستوەردانی خێرا و کاریگەرانەی پۆلیس، بە خێرایی ئارامی گەڕێنرایەوە."
 
هێڵەر دەشڵێت، "سویسرا وەک وڵاتی میواندار پابەندە بە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەر دەستدرێژییەک یان زیانێک و سەرکۆنەی رووداوە ئەمنییە جیدییەکەی هەینیی رابردوو دەکات."
 
گوتەبێژەکە جەخت دەکاتەوە کە "پۆلیسی فیدراڵیی سویسرا بەرپرسیارە لە پاراستنی نوێنەرایەتییە بیانییەکان بە هاوکاریی نزیک لەگەڵ کانتۆنەکان. پۆلیسی فیدراڵی بەردەوام چاودێری و شیکاری پێشهاتە ئەمنییەکان دەکات. لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیدا رووداوی باڵیۆزخانەکە لەبەرچاو گیراوە. لە ئەنجامدا بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی کانتۆنی بێرن پێداچوونەوە بە رێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێستا دەکرێت و ئەگەر پێویست بوو دەگۆڕدرێن."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق 26ی ئایار سوپاسی دامودەزگاکانی سویسرای کرد کە "دەستبەجێ هاتوونەتە سەر هێڵ، دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ئاساییش و سەقامگیرییان" بۆ دامەزراوە دیپلۆماسییەکەی عێراق و دەوروبەری گەڕاندووەتەوە. 
 
گەمارۆ لە مەخموور و "بەرخودان" لە بێرن
 
هەفتەیەک پێش رووداوی هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن، سوپای عێراق هەوڵیدا کامپی مەخموور گەمارۆ بدات. کەمپەکە زیاتر لە 12 هەزار پەنابەری کوردی باکووری کوردستانی تێدایە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. 
 
"چالاکڤانەکان" کە میدیای نزیک لە پەکەکە باسیان دەکات، دوای "خۆپێشاندانەکە"ی باڵیۆزخانەی عێراق، رایانگەیاندبوو، "گەمارۆدانی مەخموور بە واتەی گەمارۆدانی هەموومان دێت. بەرخۆدان ژیانە. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە. رۆژئاڤا و شنگال سەرکەوتن، مەخمووریش سەردەکەوێت."
 
میدیاکە هەروەها لە زاری "چالاکڤانەکانەوە" بڵاویکردەوە، "ئێمە، گەنجانی کورد، بۆ دواوە هەنگاو نانێین. ئێمە پشتیوانی لە دانیشتووانی کامپی مەخموور دەکەین. ئەمە بڕیاری گەلە. لێرە بەرخۆدان دەکەین. وەکو خەڵکی مەخموور، خۆمان بەدەستەوە نادەین. ئێمە خواستی خۆمان بەدەست دەوڵەتی تورکەوە نەدا، بۆ عێراقیشی جێناهێڵین."
 
کامپی مەخموور لە ماوەی رابردوودا چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانیی درۆن و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا. ئەنقەرە چەندین جار داوای لە بەغدا کردووە دژی پەکەکە رێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر. 
 
ساڵی رابردوو، راوێژکار لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کامپی مەخموور بە تەواوی کۆنترۆڵبکات، کە بە گوتەی خۆی لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکە، کامپەکە لە کۆنتڕۆلی حکومەتی عێراق دەرکەوتووە. 
 
سەعید جەیاشی ئەوکات گوتی، "پێم وایە کامپی مەخموور کە خێزانە کوردەکانی پەکەکەی تێدایە، کێشەیەکە بۆمان ماوەتەوە. عێراقی سەردەمی نوێ یان دوای 2003، چەندین کێشەی بۆ ماوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ پێش 2003."