ئۆکراینا لەنێو ماڵی رووسیاوە هێرش دەکات و سێیەکی بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی لەنێودەبات
رووداو دیجیتاڵ
چەند کاژێرێک پێش ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ دەستپێبکات، دۆخەکە ئارام نەبوو؛ هەردوولا دەستی قورسیان لە یەکدی وەشاند.
ئۆکراینا دەڵێت، لەنێو ماڵی رووسیاوە هێرشێکی کتوپڕی کردووەتە سەری، یەک لەسەر سێی بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی لەنێوبردووە و سێکوچکەی ئەتۆمیی مۆسکۆی نیمچە ئیفلیج کردووە. ئەمەش لە کاتێکدا، رووسیا مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوی بەسەر ئۆکراینادا باراند.
بە گوتەی بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو کیێڤ کاری لەسەر پلانێک دەکرد بۆئەوەی لە قووڵایی خاکی رووسیا بدات. ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا خۆی سەرپەرشتیی پلانەکەی دەکرد.
شەوی یەکشەممە، زیلینسکی گوتی، 117 درۆنیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکارهێناوە.
بە گوتەی زیلینسکی، ئەو شوێنەی ئۆپەراسیۆنەکەیان لێیەوە دەستیپێکردووە، لە تەنیشت بارەگایەکی ئاژانسی ئاسایش و هەواڵگریی رووسیا بووە.
سەرچاوە سەربازییەکە کە قسەی بۆ ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی کردووە، دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە "لەڕادەبەدەر زەحمەت بووە."
سەرەتا پێویست بووە درۆنی بچووک بە قاچاخ ببەنە نێو رووسیا. دواتر لەوێ خراونەتە نێو خانووی بچووکی دارین، ئەوانەی وەکو کەرەڤانە بەدوای بارهەڵگر و تراکتۆرەوە دەکرێن.
سەرچاوەکە دەڵێت، "درۆنەکان لەنێو بانی خانووە دارینەکاندا شاردرانەوە. خانووەکان بەدوای بارهەڵگرەوە کرابوون. هەر کە کاتەکەی هات، بانی خانووەکان کرایەوە، درۆنەکان فڕین و خۆیان بە بۆمبهاوێژەکانی رووسیادا تەقاندەوە."
بۆئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا هەستیان پێ نەکات، پێویست بوو لەنێو ماڵی رووسیاوە دەست بوەشێنن.
بەئامانجکردنی بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکان
درۆنەکان 41 فڕۆکەیان کردە ئامانج کە لە بنکە ئاسمانییەکان راگیرابوون. بە گوتەی بەرپرسەکە، بەشێک لەوانە لە جۆرەکانی A-50, Tu-95 و Tu-22M بوون.
مۆسکۆ پێشتر فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەودای توپۆلێڤ Tu-95 و Tu-22ی بۆ بۆردوومانکردنی ئۆکراینا بەکارهێناوە؛ هەروەها A-50ی بۆ لێدان لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە بەکارهێناوە کە دەتوانرێت لە کاتی گەشتکردندا ئاراستەیان بگۆڕدرێت.
دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکە کە ناونراوە "وێب" یان تۆڕ، 34%ی فڕۆکە مووشەکهاوێژەکانی رووسیا لەنێوبردووە و 7 ملیار دۆلار زیانی پێ گەیاندووە.
رووسیا نکۆڵی لە هێرشەکان ناکات. وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە راگەیێندراوێک هێرشەکانی پشتڕاستکردنەوە و رایگەیاند، زیانیان بە فڕۆکەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند بنکەیەکی ئاسمانی لە هەرێمی ئیرکوتسک (کە چوار هەزار کیلۆمەتر لە ئۆکرایناوە دوورە) و هەرێمی مورمانسک لە باکوور.
وەزارەتەکە دەڵێت، توانیویەتی لە هەرێمی ئاموور لە رۆژهەڵات و هەرێمەکانی ئیڤانۆڤۆ و ریازان لە رۆژئاوا ژمارەیەک هێرشی هاوشێوە تێکبشکێنێت.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هێرشەکەی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا ئاگادار کرابوویەوە، لە بنکەی هێزی ئاسمانیی نێلیس لە باشووری ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا چاودێریی دۆخەکەی دەکرد.
هەر رۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، دوو پردی رۆژئاوای وڵاتەکەیان تەقێندراونەتەوە و لە ئەنجامدا دوو شەمەندەفەر لە رێڕەوی خۆیان دەرچوون، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکە برینداربوون. بەرپرسانی رووسیا روونیان نەکردەوە هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە. لە راگەیێندراوی دواتریشیاندا، وشەی "تەقینەوە"یان لابرد.
هێرشی پێش گفتوگۆکان
هێرشە درۆنییەکەی ئۆکراینا کەمتر لە رۆژێک پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ هات.
شەوی یەکشەممە، زیلینسکی لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، رۆستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە ئیستەنبووڵ سەرکردایەتیی شاندەکەیان دەکات.
زیلینسکی گوتی، "بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆمان، وڵاتی خۆمان و خەڵکی خۆمان، ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین."
ئۆکراینا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە رووسیا بە نووسراو هەڵوێست و مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بداتە دەستی کیێڤ، بەڵام مۆسکۆ گوتی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتی دانوستاندنەکان دەیخاتەڕوو.
رووسیا یەکەیەکی سوپای ئۆکراینا دەکاتە ئامانج
رۆژی یەکشەممە، رووسیا هێرشێکی درۆنیی کردە سەر ئۆکراینا،کە فراوانترین هێرشی لەو جۆرە بوو لە سەرەتای جەنگەکەوە لە شوباتی 2022ـەوە کردبێتی؛ بە 472 درۆن هێرشی کردە سەر هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا.
یوریلی ئیگنات، سەرۆکی پەیوەندییەکانی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ درۆنەکان، رووسیا حەوت مووشەکیشی بە ئۆکرایناوە ناوە.
سوپای ئۆکراینا گوتی، مووشەكێکی رووسیا بەر سەربازگەیەکی راهێنانی هێزی ئاسمانی کەوتووە و لانیکەم 12 سەرباز و ئەفسەریان کوژراون و زیاتر لە 60ی دیکەشیان برینداربوون.
میخایلۆ دراپاتی، فەرماندەی سوپای ئۆکراینا لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكێش کردووە.
دراپاتی لە نێو ریزەکانی سوپادا ئەفسەرێکی رێزلێگیراو بوو. هێزەکانی ئۆکراینا لە ژێر فەرماندەیی ئەودا، توانییان چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان لە ژێر جڵەوی رووسیا دەربێنن.
سەربازگەکە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە بەرەکانی جەنگەوە دوور بوو، مەودایەک کە درۆنی هێرشبردن و سیخوڕیی رووسیا دەتوانن بە ئاسانی پێی بگەن.