لە ناوەندێکی بێماڵەکانی ئەمریکا 11 کەس بە چەقۆ بریندار کران
رووداو دیجیتاڵ
لە ویلایەتی ئۆریگنی باکووری رۆژئاوای ئەمریکا، کەسێک لە ناوەندێکی تایبەت بە هاوکاریکردنی بێماڵەکان، بە چەقۆ 11 کەسی بریندار کرد.
رووداوەکە ئێوارەی دووشەممە 02-06-2025 [بەکاتی هەولێر] لە شاری سەیلم، پایتەختی ئۆریگن روویدا. ئەنجێلا هێدریک، گوتەبێژی پۆلیسی سەیلم رایگەیاند، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە.
تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر هۆکاری هێرشەکە، رەچەڵەکی هێرشکارەکە و دۆخی تەندروستیی بریندارەکان بەردەست نییە، بەڵام پۆلیس ئاشکرای کردووە، تۆمەتبارەکە پیاوە.
هێدریک گوتی: "بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی سەیلم گوازراونەتەوە."
رووداوەکە لە ناوەندی یونیەن گۆسپڵ میشن روویداوە. کریگ سمیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ناوەندەکە گوتی: "هێرشکارەکە لە رێکخراوەکەمان نوێ بوو، شەوی شەممە لامان مایەوە و بەنیاز بوو شەوێکی دیکەش بمێنێتەوە، بەڵام کەوتە نێو شەڕێکەوە. شتێک ئەوی زۆر تووڕەکرد و چەقۆی لە گیرفانی دەرهێنا."
بەگوتەی سمیس، لە شەڕەکەدا کارمەندێکی رێکخراوە خێرخوازییەکە بریندار بووە.
ناوەندەکە هەموو شەوێک دەتوانێت میوانداریی 150 بێماڵ بکات و خواردنیشیان پێدەدات، جلوبەرگیشیان بۆ دەشوات.
سمیس گوتی: "جگە لە چەند بێماڵێکی نێو رێکخراوەکە، چەند کەسێکی سەر شەقامیش بریندار بوون. هەموو رووداوەکە لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە و بە پۆلیسی دەدەین."