لێکچوونی ترەمپ و سەرۆکی مەکسیک بووەتە جێگەی سەرەنج

رووداو - هەولێر 

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مەکسیک راگەیێندرا و ئەندرێ مانوێل ئۆبرەیتەر توانی سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا بەدەستبهێنێت. 


ئەندرێ لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوودا سەرۆکایەتی وڵاتێک دەکات کە دراوسێی ئەمریکایە و سەرۆکی ئەو وڵاتەش دۆناڵد ترەمپە، کە بەوە ناسراوە سیاسەتێکی جیاواز لە سەرۆکەکانی پێش خۆی پەیڕەو دەکات، لەوانەش لەگەڵ مەکسیکدا. 

هەرچەندە هەندێک جیاوازی لە نێوان ئەم دوو کەسەدا هەیە، بەڵام لێکچوونی زۆریشیان هەیە. 

ئەندرێ، هاوشێوەی ترەمپ، زۆر جەخت لە سەر راستی تێڕوانینەکانی خۆی دەکاتەوە و پێیخۆشە هەندێک لە خزم و کەسەکانیشی لە نزیکیدا بن و پۆستیان هەبێت. 

ترەمپ رەخنەی لە هەندێک لە بوارەکانی ناو ئەمریکا هەیە و پێیوایە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا کێشەی بۆ دروستدەکەن، لەوانەش میدیا. ئەندرێش تووڕەیی بەرامبەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە و لە دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2006دا بە "نەفرەتی" ناویبردن. 

ئەندرێ، هاوشێوەی ترەمپ، رەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆکەکانی پێش خۆی هەیە و دەڵێت، کارێکی جیاواز دەکات، لەوانەش بایەخدان بە کشتوکاڵ.
 
ئەندرێ و ترەمپ زۆر رەخنەیان لێدەگیرێت، بەڵام بەردەوامیش بە باسکردنی ئەزموونی رابردوویان هەوڵدەدەن رەخنەگرەکانیان بێدەنگ بکەن. 

زۆریی ژمارەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس دەستی ترەمپی واڵا کردووە بۆ پەیڕەوکردنی هەندێک لە سیاسەتەکانی. بەڵام ئەندرێش لە چەند ساڵی داهاتوودا هەمان پێگەی بەهێزی دەبێت، ئەوەش بەهۆی سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا. 

یەکێکی دیکە لە لێکچووییەکانی ترەمپ و ئەندرێ پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە هەیە. 

ئەندرێ پێشنیازی هەندێک کەسی ئەکادیمی کەم ئەزموونی بۆ پۆستەکان کردووە، کە چاوەڕێ دەکرێت ئەوانیش قسەیەکی ئەوتۆیان لە سیاسەتەکانی مەکسیکدا نەبێت. 

لەم بوارەشدا، ئەندرێ زۆر لە ترەمپەوە نزیک دەبێت، چونکە لە چەند مانگی رابردوودا روونبوەوە کەسانێک زۆر تێڕوانینیان لە ترەمپەوە نزیک نەبێت لەم ئیدارەیەی کۆشکی سپیدا جێگایان نابێتەوە.

ئەندرێش لە گوتەی سەرکەوتنیدا گوتی، ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسیکردووە، جێبەجێی دەکات. 

ئەندرێ مانوێل ئۆبرەیتەر، سەرۆکی هەڵبژێردراوی مەکسیک گوتی: "تووشی شکستتان ناکەم. ئێمە سێ بنەما سەرەکییەکە جێبەجێ دەکەین: درۆ ناکەین، دزی ناکەین، خیانەت لە خەڵک ناکەین. بژی مەکسیک". 

ترەمپ پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ئەندرێ کرد و ئەویش سوپاسی کرد، بەڵام روون نییە چەند مانگ و ساڵی داهاتوو ئەم دوو سەرۆکە دراوسێیە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرس و کێشە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکانیان دەکەن. 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن