تیکتۆک رەتیدەکاتەوە داتای بەکارهێنەرانی دابێتە پارتی کۆمۆنیستی چین
رووداو - هەولێر
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک رەتیدەکاتەوە داتا و زانیاریی بەکارهێنەرانی بە پارتی کۆمۆنیستی چین دابێت و دەشڵێت، تەنانەت کارمەندانی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەش لە چین دەستیان بە زانیاریی بەکارهێنەران ناگات.
تیکتۆک دڵنیایی بە سیناتۆرەکانی ئەمریکا دا لەوەی کە هەموو رێکارێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی دەرەوەی ئەمریکا دەستی بە زانیاریی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە نەگات.
9 سیناتۆری کۆماری ژمارەیەک پرسیاریان لەبارەی سیاسەتی پاراستن و هەڵگرتنی زانیارییەکانی بەکارهێنەر ئاراستەی تیکتۆک کردبوو. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە رۆژی پێنجشەممە لەڕێگەی نامەیەکەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە و ئەمڕۆ شەممە 02-07-2022 نێوەڕۆکی نامەکە پشتڕاستکرایەوە.
لە وەڵامی هەندێ پرسیاری بەرپرسانی ئەمریکادا، تیکتۆک لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا ئاماژەی بەوە کرد کە داتاکانی هەموو بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان لە سێرڤەرەکانی ئەمریکادا هەڵدەگیرێن کە لە لایەن کۆمپانیای ئۆراکلی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبردرێن.
لە نامەکەی ئەم جارەیدا، تیکتۆک ئەو دەنگۆیەی پشتڕاستکردووەتەوە کە پێشتر لە گوتارێکدا بڵاوکرابوویەوە کە گوایە کارمەندانی کۆمپانیا چینییەکە دەستیان بە زانیاریی بەکارهێنەرانی ئەمریکا دەگات؛ تیکتۆک دەڵێت، ئەوە راستە، بەڵام ئەو کارە تەنیا لە ژێر "رێکاری تووندی ئاساییشی ئینتەرنێت و پڕۆتۆکۆڵیی مۆڵەت و رێگەپێدان"ـدا دەکرێت کە لە لایەن تیمێکی ئاساییشی ئینتەرنێتەوە "لە ئەمریکاوە" سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمپانیاکە لە نامەکەیدا بۆ سیناتۆرە ئەمریکییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پارتی کۆمۆنیستی چین هەرگیز داوای داتا و زانیاریی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکانی نەکردووە.
تیکتۆک نووسیویەتی: "ئێمە داتای بەکارهێنەرەکانی ئەمریکامان نەداوەتە پارتی کۆمۆنیستی چین، تەنانەت داواشمان لێ بکرێت، پێیان نادەین."
بەرپرسانی تیکتۆک هەروەها باسی ئەوەیان کردووە کە ئەگەرچی ئەندازیارەکانی کۆمپانیای بایت دانسی دایک دەتوانن کار لەسەر لۆگاریتمەکان بکەن، پڕۆتۆکۆڵە نوێیەکان دڵنیایی دەدەن کە تەنیا لە ژێر چاودێریی کۆمپانیای ئۆراکل دەتوانن ئەو کارە بکەن، بێ ئەوەی بتوانن داتاکان لە سێرڤەرەکان ببەنە دەرەوە.
ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی (لیژنەی وەبەرهێنانی بیانی لە ئەمریکا)ـدایە، کە دەستەیەکی حکومیی ئەمریکیی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی وەبەرهێنانی بیانییە لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا.
لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، نیگەرانی لەبارەی ئاساییشی داتاکانی تیکتۆک هەبوو و هەوڵیدا کە کۆمپانیای بایت دانس ناچاربکات تۆڕەکە بە کۆمپانیای ئۆراکلی ئەمریکی بفرۆشێت.
هەروەها ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد بۆ ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە لە ئەمریکا قەدەخە بکات، بەڵام هەرگیز جێبەجێنەکرا و دواتر لە لایەن جۆ بایدنەوە فەرمانەکەی هەڵوەشێندرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بایدن ئیدارەی خۆی راسپاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە مەترسیی خاوەندارێتیکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە لە لایەن کۆمپانیا چینییەکەوە بکەن.