مایکرۆسۆفت بەنیازە تیکتۆک بکڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ئاشکرای کرد کە گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای ئەمریکی، مایکرۆسۆفت لە دانوستاندن دایە لەگەڵ کۆمپانیای بایتدەنس کە خاوەنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆکە بۆ ئەوەی ئەو ئەپلیکەیشنە کە تایبەتە بە هاوبەشیکردنی ڤیدیۆ، بکڕێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەردەوام هەڕەشەی لە کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی چین کردووە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە ناوخۆی ئەمریکا قەدەخە دەکات.
 
دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەبەر پرسی هۆنگ کۆنگ و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێکچوو، حکومەتی ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی چین زیاترکردووە.
 
ئیدارەی ترەمپ گومانی لە بوارەکانی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک هەیە و باوەڕی وایە کۆمپانیای بایتدەنسی چینی، ئەپڵیکەیشنەکە بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن بەکاردەهێنێت.
 
کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی بڕیارێکی فەرمی بۆ ناچارکردنی کۆمپانیای بایتدەنس تاوەکو واز لە ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک بهێنێت لەژێر سایەی یاسای تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەوەش لەدوای لێکۆڵینەوە و چاوخشاندنی لیژنەی وەبەرهێنانە دەرەکییەکانی ئەمریکا کە سەر بە کۆنگرێسە و چاودێریی ئەو گرێبەستانە دەکات کاریگەری دەکەنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
 
بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە گوشارەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین بفرۆشرێن بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
 
ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایتدەنسی چینی لە ساڵی 2016دا داهێنراوە و لەسەر ئاستی جیهان 800 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی خەڵکی، ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاتر بوون.