بەریتانیا 30 مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل هەڵدەپەسێرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە 30 مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت.
رۆژی دووشەممە، 2-9-2024، دەیڤید لامی گوتی: "لە کۆی 350 مۆڵەتی تایبەت بە هەناردەکردنی چەکە جۆراوجۆرەکان، حکومەتی وڵاتەکەی بە نیازە 30 مۆڵەتیان هەڵپەسێرێت کە بەشێکیان لە 10 مانگی شەڕی غەززەدا بەکارهێنراون."
راگەیێندراوەکەی لامی لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا بوو و تێیدا جەختی کردەوە لەوەی "نەناردنی بەشێك لەو چەکانە، هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل".
بە گوتەی لامی لیستی چەکە هەڵپەسێردراوەکان "کەرەستەی تایبەت بە فڕۆکەی جەنگی، پارچەی یەدەگی هێلیکۆپتەر و پێکهاتەی درۆن" لە خۆدەگرێت.
سەبارەت بە بڕياری حکومەتە نوێیەکەی پارتی کاری بەریتانیا بە سەرۆکایەتی کیەر ستامەر، لامی گوتی: هەڵسەنگاندنی سەرەتاییمان بەو ئەنجامەی گەیاندین کە "مەترسی هەیە ئەو چەکانە بەکاربهێندرێن، بە جۆرێك کە پێشێلی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بێت. ئەو چەکانە دەکرێت لە شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماس بە کاربهێندرێن". بەڵام جەختیشی کردەوە کە بڕیارەکە "پارچەی یەدەگی فڕۆکەی ئێف-35ی ئەمریکی ناگرێتەوە".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەلایەوە گرنگبوو هەڵوێستی حکومەتەکەی سەبارەت بە ئیسرائیل بخاتەڕوو، لە کۆتایی گوتارەکەی گوتی: "رێگەم پێبدەن لەم هۆڵەی پەرلەمان بڕۆمە دەرەوە لەگەڵ جەختکردنەوە لە هەڵوێستی تووندی بەریتانیا بە پشتگیریکردنی ئیسرائیل و پاڵپشتی لە مافی بەرگری لەخۆ کردن لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و درێژەدانیش بە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران".