زیاتر لە هەزار کەس لە سوودان بەهۆی هەرەسهێنانی زەوی گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەیەکی چەکدار کە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی هەرێمی دارفووری رۆژئاوای سوودانی کردووە، رایگەیاند، بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و گوندێک بە تەواوی وێران بووە.
بزووتنەوەی سوپای رزگاریی سوودان لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بڵاویکردەوە، گوتی: "هەرەسهێنانێکی گەورە و وێرانکەری زەوی بووەتە هۆی وێرانبوونی تەواوی گوندی تێرسین لە رۆژهەڵاتی چیای مەڕڕە، لە نزیک ناوچەی سۆنی و هەموو دانیشتووانەکەی کە ژمارەیان بە زیاتر لە هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، گیانیان لەدەستداوە و تەنیا یەک کەسیان رزگاری بووە."
راگەیێندراوەکە روونیکردووەتەوە، کارەساتەکە رۆژی یەکشەممە "بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئاب باریبوو" روویداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی هەموو دانیشتووانی گوندەکە دەکەن، کە ژمارەیان بە زیاتر لە هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و تەنیا یەک کەسیان رزگاری بووە".