ترەمپ بەڵێن دەدات تاوان لە شارێکی "مەترسیدار"ی ئەمریکا کۆتایی پێبهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەڵێن دەدات بە خێرایی تاوان لە شیکاگۆ کەم بکاتەوە؛ ئاماژەش بە ناردنی هێزی فیدراڵی بۆ ئەو شارەی ویلایەتی ئیلینیۆی دەکات کە بە "مەترسیدارترین شاری جیهان" ناوی دەبات.
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی، "بە خێرایی کێشەی تاوان چارەسەر دەکەم، هەروەک ئەوەی لە واشنتن کردم."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ناردنی سوپا و پاسەوانی نیشتمانی بۆ شارەکە کرد و گوتی، "شیکاگۆ بە جیاوازییەکی زۆر خراپترین و مەترسیدارترین شاری جیهانە؛" گوتیشی، جەی بی پریتزکەر، حاکمی ئیلینۆی "زۆر پێویستی بە یارمەتییە."
ترەمپ ئاماژەی بەو ئامارانە دا کە بە گوتەی خۆی، نوێترین ئاماری تاوانن لە سێیەم گەورەترین شاری ئەمریکا و گوتی، نزیکەی 54 کەس لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لە شیکاگۆ تەقەیان لێکراوە، 8 مردن هەبوون و هەفتەکانی پێشووش ئامارەکان هاوشێوە بوون. نووسیویشیەتی، "شیکاگۆ پایتەختی کوشتارە لە جیهان!"
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "شیکاگۆ جارێکی دیکە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێتە شارێکی سەلامەت."
ترەمپی کۆماری بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هەزاران کەس لە سوپا و هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ شاری شیکاگۆ و باڵتیمۆری مێریلاند دەنێرێت، کە دیموکراتەکان تێیاندا زۆرینەن.
پریتزکەر، ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە ناردنی هێزە چەکدارەکان دەست بە "داگیرکاری" دەکات.
لە مانگی حوزەیراندا سەرۆکی ئەمریکا سوپا و پاسەوانی نیشتمانیی رەوانەی لۆس ئانجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا کرد، بۆئەوەی یارمەتیی پۆلیس بدەن و ئەو ناڕەزایەتییانە کپ بکەنەوە کە لەکاتی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی روویدا.
لە مانگی ئابیشدا سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد هێزی پاسەوانیی نیشتمانی رەوانەی واشنتن بکات و رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی بۆ ئەوەیە سەلامەتی شارەکە بپارێزێت.
هەنگاوەکانی ترەمپ رووبەڕووی ناڕەزایەتی بوونەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە دادوەرێکی فیدراڵی رایگەیاند، ترەمپ بە بڵاوکردنەوەی هێز لە لۆس ئانجلس یاسای پێشێل کرد.
چارلس بڕایەر، دادوەر لە دادگەی سان فرانسیسکۆی کالیفۆرنیا دەڵێ، ترەمپ پێی وایە "دەتوانێت هێزێکی نیشتمانی پۆلیس دروست بکات و سەرۆکی وڵات فەرماندەی بێت."