لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاو لە هەوا دروستدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەهۆی وشکەساڵییەوە رووبەڕووی کەمئاوی بووەتەوە. بۆ دەربازبوون لەو کێشەیە، کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئامێرێکی دروستکردووە کە لە هەواوە ئاو دروستدەکات. 
 
تێد بۆومان، ئەندازیاری کارەبایی لەبارەی داهێنانەکەیەوە دەڵێت، "درووشمی ئێمە ئەوەیە کە دروستکردنی ئاو لە هەوا جادووگەری نییە، بەڵکو زانستە. ئەوەش هەر ئەو کارەیە کە بەم ئامێرانە ئەنجامی دەدەین. ئێمە شێ لە هەوا جیادەکەینەوە و بەو شێوەیە ئاو دروستدەکەین کە دەتوانرێت بخورێتەوە. ئاوەکە پاڵێوراویشە."
 
ئامێرەکە لە رێگەی چەند کۆیلێکەوە هەوا سارد دەکاتەوە تا دڵۆپە ئاو دروستدەبن کە دەردەرێنە نێو تانکییەکەوە. 
 
دۆن جۆنسن لە ماڵەکەیدا لە کالیفۆرنیا رۆژانە سەرووی 750 لیتر ئاو لە رێگەی ئەو ئامێرەوە بەرهەمدەهێنێت کە بەشی ئاودانی باخچەکەی و هەموو کارەکانی ماڵەوەی دەکات. 
 
دۆن جۆنسن، دانیشتووی کالیفۆرنیا دەڵێت، "ئێستا ئەم ئامێرە ئاو بە نرخێکی زۆر کەمتر لەو ئاوە بوتڵکراوە بەرهەمدەهێنێت کە دەیکڕیت. بڕوام وایە، بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ زیادبوونی نرخی ئاوی شیرین، ئەم ئامێرە زیاتر لە نرخی خۆی سوودی دەبێت."
 
ئامێرەکە نرخی 30 هەزار دۆلارە و بڕێکی زۆری کارەبا بەکاردەبات،  بەڵام دۆن، سەربانی ماڵەکەی بە خانەی وەرگری تیشکی خۆر داپۆشیوە و بەو شێوەیە کارەبای پێویست بۆ ئامێرەکە لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێنێت.