وەزیری نێوخۆی بەریتانیا: وڵاتەکەمان پڕە لە پەنابەری بێ توانا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە توانای کارکردنیان نییە لە بەریتانیا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2022، سویلا براڤەرمان، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، حکومەتەکەی لیز ترەسی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پابەند دەبێت بە بەڵێنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، کە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی پەنابەران، زۆربەی وەزیرەکانی کابینەکەی ترەس-یش لەگەڵ ئەوەدان.
لەوبارەیەوە، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆر پەنابەری بێ توانا روویان لە وڵاتەکە کردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری نێودەوڵەتی هەن کە لەگەڵ خێزانەکانیان دێن. ژمارەیەکی زۆر پەنابەر هەن، کە پشت بە داهاتی حکومەت دەبەستن."
سویلا براڤەرمان ئاماژە بەوەش دەدات، هەندێک لە پەنابەران هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر گەشەی ئابووریی وڵاتەکە نەبووە، چونکە هەندێک کار دەکەن، کە توانایەکی ئەوتۆی ناوێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە 23ی ئەیلوولی رابردوو، کواسی کوارتێنگ، وەزیری دارایی بەریتانیا رایگەیاندبوو، حکومەتی نوێی بەریتانیا بەدوای سیاسەتێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ "وەرگرتنی پەنابەرانی بەتوانا و بە ئەزموون،" هەروەها سوودوەرگرتن لە پەنابەری بەتوانا، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ دەوڵەمەندکردنی دەستی کار لە بەریتانیا و بەهێزکردنەوەی باری ئابووریی ئەو وڵاتە.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـەوە، بە بڕیارێکی حکومەتی ئەوکاتی بەریتانیا، نرخی وەرگرتنی ڤیزای کاری بەریتانیا گرانتر کرا و نرخەکەی کرایە زیاتر لە 28 هەزار دۆلار، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی دەستی کار لە بەریتانیا، بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەیە.
هەروەها ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن لە دەستپێکی ئەو بڕیارە نوێیەوە، ژمارەی کرێکارانی وڵاتانی ئەوروپا کە دێنە بەریتانیاوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
مانگی رابردوو، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کرد، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر پەناخوار روویان لە بەریتانیا کردووە. تەنیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 28 هەزار پەناخواز بەڕێگەی نایاسایی هاتوونەتە نێو خاکی بەریتانیاوە.