وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەین کە لەلایەن پەکەکەوە دروستکراون

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات کە دەڵێت لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەوە بۆ سەر تورکیا دروستکراون و داواش لە تورکیا دەکات لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوئاهەنگی بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن رایگەیاند: "ئێمە بە نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا دەزانین کە لەلایەن پەکەکەوە دروستکراون".
 
میلەر گوتیشی: "ئێمە داوا لە تورکیا دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات، بەشێوەیەک کە پشتیوانی لە سەروەریی عێراق بکات و رێز لە سەروەری عێراق بگرێت".
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویدا، کە دواتر پەکەکە لە ئەستۆی گرت.
 
عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە هێرشەکەیان کردووە و یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون".
 
دوای هێرشەکە بە چەند کاژێرێک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی دا.
 
ئەردۆغان گوتی: "ستراتیژیی پاراستنی سنوورەکانی باشوورمان بە قووڵایی لانیکەم 30 کیلۆمەتر و هێشتنەوەی چالاکییەکان لەودیو سنوورەوە لەژێر کۆنترۆڵی رەهادا وەک خۆی ماوەتەوە. ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکان بەردەوام دەبن. ئەو هەنگاوە نوێیەی کە دەینێین تەنیا ئامادەکاری و کات و ژینگەی ماوە. بۆ ئەوەش دەڵێم با گوتەی 'رەنگە شەوێک لەناکاو بێین' هەرگیز لە گوێتان دەرنەچێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئاسمانیی تورکیا کاژێر 21:00ـی یەکشەممە بۆردوومانی 20 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە باشووری کوردستان کردووە.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: 
 
رووداو: سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئێمە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە سووریا و عێراق درێژدەکەینەوە"، ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق ئەو پێشێلکارییانەی سەر سەروەریی خۆی رەتدەکاتەوە و دەڵێت کە ئەوە هێمای دراوسێیەتیی باش نییە، هەڵوێست و تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەوە چییە؟ 
 
ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە بە نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا دەزانین کە لەلایەن پەکەکەوە دروستکراوە، ئێمە داوا لە تورکیا دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات، بەشێوەیەک کە پشتیوانی لە سەروەریی عێراق بکات و رێز لە سەروەرییەکەی بگرێت.