حکومەتی بەریتانیا بەنیازە هاوکارییەکانی بۆ پەنابەران کەم بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەو پەناخوازانەی مافی پەنابەری وەردەگرن، چیدیکە راستەوخۆ شوێنی مانەوە و هەموو مافەکانی یەکگرتنەوەی خێزانیان پێنادرێت. ئەمە بە گوێرەی پڕۆژەیەکە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "پێموایە ئەگەر بێیتە بەریتانیا، پێویستە خزمەتی کۆمەڵگاکەمان بکەیت. ئەمە رێگەیەکی دادپەروەرانەیە بۆ کۆچبەران کە کۆمەڵگاکەمانی لەسەر بنیاتنراوە، بەڵام سیستمی ئێستا لەگەڵ ئەو ئامانجەدا یەکناگرێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی "گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکەین لە پێدانی مافی پەنابەری. دەتوانن شوێنی مانەوە بە خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەمان بەدەستبهێنن نەک پێدانی پارە بە قاچاخچییەکان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز. بەردەوام دەبین لە پێشوازیکردن لەو کۆچبەرە زیرەکانەی لە تووندوتیژی رادەکەن".
بڕیارە ستامەر لە کۆپنهاگن بەشداری لە لووتکەی کۆمەڵەی سیاسیی ئەورووپی بکات و سەرۆکایەتیی گفتوگۆیەک لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی دەکات.
بەریتانیا هەنگاو بە هەنگاو سیاسەتەکانی بۆ رێگری لە کۆچبەران تووندتر دەکات. رۆژی دووشەممەی رابردوو، شابانا مەحمود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و ئەندامی پارتی کاری وڵاتەکە لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتەکەی کە لە شاری لیڤەرپووڵ بەڕێوەچوو، پلانێکی سەبارەت بە پەناخوازان راگەیاند.
بەگوێرەی پلانەکەی وەزیری ناوخۆی ولاتەکە، چیدیکە پەناخوازن ناتوانن داوای مافی مانەوەی هەمیشەیی بکەن تاوەکو ئەو کاتەی پشتڕاستی دەکەنەوە کە کارێکی یاسایی و گونجاویان هەیە. هەروەها، ئەوانەی کارێکیان نییە ناتوانن ئەو داواکارییە پێشکێش بکەن.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی لە پلانەکەدا هاتووە ئەوەیە کە چیدیکە پەناخوازان ناتوانن داوای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و یارمەتی کاتی بێکاری بکەن. ئەمە جگە لەوەی بۆ داوای مافی مانەوەی هەمیشەیی پێویستیان بەوەیە کە بیسەلمێنن کاری خۆبەخشییان لەو وڵاتە کردووە یان خزمەتی کۆمەڵگەیان کردووە.
ئەو پەناخوازانەی داوای مانەوەی هەمیشەیی لە بەریتانیا دەکەن نابێت هیچ تاوانێکیان کردبێت و پێویستە بەڵگەی پێویست پێشکەش بکەن کە ئاستی زمانی ئینگلیزییان هاوتا یان زیاترە لە ئاستی دیاریکراو.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، حوزەیرانی 2024 تاوەکو حوزەیرانی ئەمساڵ، 111 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتەکە کرد، ئەمە 14٪ لە هەمان ماوەی پێشتر زیاترە.