پۆلیسی بەریتانیا: ئەو کەسەی هێرشەکەی مانچێستەری کرد، خەڵکی سووریایە

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر کەنیشتەیەکی جووەکان لە شاری مانچێستەر و دوو کەسی کوشت، بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-10-2025، کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکی بەردەم کەنیشتەیەکی (پەرستگەی جووەکان) لە شاری مانچێستەردا کرد و دواتر بە چەقۆ دوو کەسی کوشت و چواری دیکەی بریندار کرد. هێرشکارەکە لە رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا کوژرا. 
 
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، هێرشەکە "تیرۆریستی" بووە. دوای هێرشەکە سێ کەسی دیکەش دەستگیرکران. 
 
جووەکان بەبۆنەی رۆژی یۆم کیپور کۆببوونەوە کە پیرۆزترین رۆژی ساڵنامەکەیانە. 
 
بەگوتەی پۆلیس، ئەو دوو کەسەی بە چەقۆ کوژران، جوو بوون.
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەر زوو رووداوەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە رێوشوێنە ئەمنییەکان لە کەنیشتەکانی دیکەی بەریتانیا تووندتر دەکرێن.
 
ستامەر بەپەلە کۆبوونەوەی لووتکەی سیاسیی ئەورووپای لە دانیمارک جێهێشت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نائاسایی لە لەندەن بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "ئەوەی ئەم رووداوە لە رۆژی یۆم کیپوردا روویداوە، کە پیرۆزترین رۆژە لە رۆژژمێری جووەکاندا، وایکردووە ترسناکتر بێت."
 
شا چارڵزی سێیەم رایگەیاند کە خۆی و شاژن کامیلا بەهۆی هێرشەکەوە "حەپەساو و خەمبار بوون".
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە "دڕندانە" وەسفکرد و گوتی: "ئیسرائیل هاوخەمی کۆمەڵگەی جووی بەریتانیایە."