لە مانچێستەر هێرش کرایە سەر پەرستگەیەکی جووەکان و دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا بۆ سەر کەنیسەیەکی جووەکان لە شاری مانچستەر، دوو کەس کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون. گومانلێکراوی سەرەکیی هێرشەکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، پۆلیسی مانچێستەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشەکە کاژێر 9:30 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی بەریتانیا [کاژێر 11:30 بەکاتی هەولێر] لە کەنیسەی کۆمەڵگەی عیبری هیتن پارک لە گەڕەکی کرەمپساڵی باکووری رۆژئاوای شارەکە روویداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، هێرشبەرەکە سەرەتا بە ئۆتۆمبێل خۆی بە چەند کەسێکدا کێشاوە، دواتر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەریان. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و خەریکی چارەسەرکردنی قوربانییەکانن. بەهۆی خۆکێشان بە ئۆتۆمبێل و هێرشی چەقۆوە دوو کەس کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون."
پۆلیس هەروەها رایگەیاندووە: "لە کاژێر 9:38 خولەکی بەیانی، ئەفسەرانی پۆلیسی مانچستەر تەقەیان کردووە و پیاوێک کە گومان دەکرێت هێرشکەرەکە بووبێت، پێکراوە."
هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ یوم کەبیر، کە بە پیرۆزترین رۆژی ساڵنامەی جووەکان دادەنرێت. هەروەها چەند رۆژێک پێش دووەم ساڵیادی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دێت کە کرایە سەر ئیسرائیل، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری بوونی پاڵنەری دژە جوو لە پشت هێرشەکەوە زیاتر کردووە.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، "تووشی شۆک بووە" بە بیستنی هەواڵی هێرشەکە و بڕیاریداوە زووتر لە کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە دانیمارک بگەڕێتەوە.
ئاندی بێرنهام، سەرۆکی شارەوانیی مانچستەر، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، شارەکە رووبەڕووی "رووداوێکی مەترسیدار" بووەتەوە، بەڵام دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "مەترسییە راستەوخۆکە کۆنترۆڵ کراوە و پۆلیسی مانچستەر زۆر بە خێرایی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە، بە پشتیوانییەکی بەرچاو لەلایەن خەڵک و تیمەکانی ئاسایشی شوێنەکەوە."
بێرنهام داوای لە خەڵک کرد "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست"، جەختیشی کردەوە کە کۆمەڵگەی جوو "بەهۆی ئەم هەواڵەوە زۆر نیگەران دەبن."