ڤیدیۆ.. بەستەڵەکەکانی سویسرا دەتوێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
زنجیرە چیاکانی ئەڵپە لە سویسرا، توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری لەبارەی توانەوەی بەستەڵەکەکانی ناوچەکە دەدات. بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە ماوەی دەیەی رابردوودا، ئەو وڵاتە چارەکێکی قەبارەی بەستەڵەکەکانی لەدەستداوە.
ماتیاس هوس، پسپۆڕی بەستەڵەکناسی دەڵێت، "بەستەڵەکەکان بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوییەوە کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی، بەردەوام لە کەمبوونەوەدان پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. توانەوە زیاد دەکات. گۆڕانکاری لە رێژەی بەفر لە وەرزی زستاندا دەکرێت دۆخەکە بگۆڕێت، بەڵام ئاراستەکە بە روونی بەهۆی گەرمبوونەکەوەیە."
بەگوێرەی تۆڕی چاودێری بەستەڵەکەکان، توانەوەی بەستەڵەکەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار خێرا بووە و تەنیا لە ئەم ساڵدا، 3٪ـی قەبارەیان لەدەستداوە.
سویسرا زیاتر لە هەزار و 400 بەستەڵەکی هەیە کە زۆرترینە لە ئەورووپا، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی بەفربارین، بووەتە هەڕەشە لەسەریان.
زیاتر لە هەزار و 100 بەستەڵەکیش لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە بە تەواوی لەنێوچوون.
ماتیاس هوس دەڵێت، "15 ساڵ لەمەوبەر، بەستەڵەکەکە لێرەدا لەلای ئەم بەردە کۆتایی دەهات. بۆیە ئەو کاتە دەریاچەکە نەبوو. سەهۆڵەکە هێشتا 50 مەتر، 100 مەتر ئەستوور بوو و ئێستا ئەم دەریاچەیە بەتەواوی دروست بووە، ئەم ناوچەیە سەهۆڵی لێ نەماوە."
کاریگەریی توانەوەی بەستەڵەکەکان تەنیا لەسەر چیاکان نییە، بەڵکو زۆر بە روونی لەسەر یەدەگی ئاو، وزەی کارۆئاوی، کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵیش دەردەکەوێت.
لەناوچوونی بەستەڵەکەکان سەقامگیریی چیاکانیش تێکدەدات. ناوە ناوە داڕمانێکی گەورەی بەستەڵەکەکان روودەدات و کارەساتی سرووشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.