نەتەوە یەکگرتووەکان: گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر لە 800 ملیۆن کەسی رووبەڕووی برسێتی کردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان ماوەی 29 ساڵە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە زیاتر گەرمبوونی زەوی، بەڵام لەم 3 دەیەدا زەوی گەرمتر بووە و بووەتە شوێنێکی نالەبارتر بۆ ژیان.
 
لە ساڵی 1992دا نزیکەی 100 وڵاتی جیهان لە بەرازیل لە چوارچێوەی "کۆنفرانسی زەوی" کۆبوونەوە بۆئەوەی بابەتی گەرمبوونی زەوی و پرسە ژینگەییەکانی دیکە تاوتوێ بکەن.
 
"کۆنفرانسی زەوی" لە ساڵی 2015دا رێککەوتنی ژینگەیی پاریسی لێکەوتەوە؛ هەوڵی سەرکردەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا درێژەیان هەیە و رۆژی دووشەممە 26 ەمین کۆنفراسی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان لە گلاسکۆی سکۆتلاندا دەستی بە کارەکانی کرد.
 
بەشێک لە خەڵکی ئەمریکا دەڵێن، پێویستە ئەم هەموو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە ئەنجامی روونیان هەبێت.
 
مالۆری بۆش، کارمەندی کۆمپانیای تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا دەڵیت، "تەمەنم 27 ساڵە. وەک هەموو کەسێکی هاوتەمەنم، هەست بە نیگەرانیی زۆر دەکەم سەبارەت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا. کاتێک گوێ لە زانست دەگرین، لەوە تێدەگەین کاری کەم کراوە؛ ئەوە مایەی دڵگرانییە."
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان دەرکەوتوون. 
 
بۆ نموونە، لە ساڵی 1992ەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبەڕووی 265 رووداوی سرووشتی بووەتەوە کە زیانەکانیان لانیکەم بە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن. لە ئەنجامی ئەو کارەساتانە 11 هەزار و 991 کەس گیانیان لەدەستداوە.
18 کارەساتی سرووشتییان تەنیا ئەمساڵ روویانداوە.
 
جۆرج هێندری، پسپۆڕی بواری گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت، "هەورەکان بەهۆی هەڵمبوونی ئاوی زەریا و رووبارەکان دروستدەبن. بەهۆی ئەوەی زەوی گەرمتربووە، ئاوی زەریاکان زیاتر دەبێتە هەڵم و هەوری زیاتر لە ئاسمان دەبینی. کاتێک هەڵم دەگاتە پلەیەکی بەرزی دیاریکراو، دەبێتە هەور. ئەمە هەمووکات روودەدات. بەڵام لەبەر گەرمبوونی زیاتری زەوی، هەوری زیاتر دروستدەبێت و زۆر جاریش لافاو و کارەساتی سرووشتی روودەدات."
 
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ، گۆڕانی کەشوهەوا سەروو 800 ملیۆن کەسی لە جیهاندا برسی کردووە و ژمارەکەش لە دوو دەیەی داهاتوودا بۆ نزیکەی 1.5 ملیار کەس بەرزدەکاتەوە، ئەگەر دیاردەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت و پاشەکشەی پێ نەکرێت. 
 
دارین دێنسمۆر، هاووڵاتی ئەمریکی دەڵێت، "پێموایە گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار و گرنگترین بابەتی ئەم سەردەمە کەشوهەوایە. ناچارین شارەکان باشتر دروستبکەین. گۆڕانکاری زۆر روویداوە؛ بەهۆی کۆرۆناوە خەڵک کەمتر چوونەتە شوێنی کارکردنیان رەنگە ئەم نموونەیە بتوانین بگوازینەوە بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا زیاتر رەچاوی ژینگە بکەین."
 
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لەلایەن وڵاتانەوە ئەنجامنەدرێت، تاوەکو ساڵی 2030 پلەی گەرمی زەوی بەرزدەبێتەوە بۆ 2.7 پلەی سیلیزی بەراورد بە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی؛ ئەمەش بە واتای گەرمبوونی زەوی و کارەساتی زیاتری سرووشتی دێت کە مرۆڤ بەرگەی هیچ کامیان ناگرێت.