هەوڵی دانانی یاسا و رێسا بۆ ژیریی دەستکرد دەدرێت "ئەگەری هەیە بمانکوژێت"
رووداو دیجیتاڵ
لە بلێچلی پارک لە دووریی 70 کیلۆمەتر لە باکووری لەندەن؛ ئەو شوێنەی بۆ یەکەم جار بەردی بناخەی تەکنۆلۆجیای کۆمپیوتەر و زیرەکیی دەستکردی تێدا دانرا، کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد بەڕێوەدەچێت.
لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە باڵەخانەیەکی بلێچلی پارک لە رێگەی هەندێ ئامێری زیرەکەوە کە بە کۆمپیوتەرە سەرەتاییەکان ناوزەد دەکران، کۆد و نهێنیی نازییەکان دەکرانەوە و دەخوێنرانەوە.
لە یەکەم کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد دا، بەشداربووان لە هەمان باڵەخانە دەیانەوێت تاوتوێی یاسا و رێسای تایبەت بەو تەکنەلۆژیایە بکەن تاوەکو رێگری بکەن لەوەی ئازارەکەی زیاتر بێت لە قازانجەکەی.
فرانگ هۆتەر، پسپۆڕە لە زیرەکیی دەستکرد و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە، مەترسیی گەورە هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە. بۆ نموونە، بە دروستکردنی ملیۆنان هەژماری ساختە لە رێگەی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری لە تویتەردا و پۆستکردنی بەردەوام، دەتوانی گفتوگۆی نێو کۆمەڵگە ئاراستە بکەیت و بەشێوازێکی چەواشەکارانە کاریگەری لەسەر پرۆسەی دەنگدان دروستبکەیت."
زیاتر لە 300 پسپۆڕی جیهان لە کۆڕبەندەکەدا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەدەن، نزیکەی 100 بەرپرس و نوێنەری وڵاتانیش لەنێوانیاندا کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئامادە دەبن.
د. جونەید عەلی، پسپۆڕی تەکنۆلۆجیایە، دەڵێت، "هیوادارین سیاسەتڤانان بتوانن لەگەڵ ئەندازیاران کاربکەن و لەو بوارەدا پێشکەوتن بەدەستبێت. زۆربەی ئەو ئاڵنگارییانەش کە هەن، چارەسەکردنیان گرنگە، لەبەرئەوەی دواجار دەمانەوێت ژیریی دەستکرد سوود بە کۆمەڵگە و ئابووری بگەیێنێت."
کەسایەتییە نێودارەکانی جیهان پێیان وایە ئەگەر زیرەکیی دەستکرد یاسا و رێسای بۆ دانەنرێت، مەترسی بۆ مرۆڤایەتی دروست دەکات، لەنێوانیشیاندا، ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر و سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئۆپێن ئەی ئای) کە خاوەنی پلاتفۆڕمی(چات جی پی تی)یە.
ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر پێی وایە داهاتووی ژیریی دەستکرد زنجیرەیەک ئەگەرە، "لەبەر ئەوە ئەگەر ئەگەرێکی کەمیش هەبێت، تۆزێک لە سەرووی سفر، ئەو ئەگەرە ئەوەیە زیرەکیی دەستکرد دەمانکوژێت. دەبێت لەبەرچاوی بگرین کە شارستانیی مرۆڤ لەرزۆکە. ئەگەر چاو لە مێژوو بکەین، هەموو شارستانییەک تەمەنێکی دیاریکراوی هەبووە و دواجار لەنێوچووە."
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە خۆی سەرپەرشتیی کۆڕبەندەکە دەکات، هاوچەشنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو داوایان لە حکومەتەکانیان کرد یاسا و رێسای پەیوەست بە زیرەکیی دەستکرد دابنێن.