لە بەرلین هاووڵاتییەکی سووریایی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێک دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی پۆلیسی ئەڵمانیا رایانگەیاند، لە شاری بەرلین هاووڵاتییەکی تەمەن 22 ساڵی سووریاییان دەستگیرکرد بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی جیهادی. 
 
رۆژی یەکشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2025، گوتەبێژێکی نووسینگەی داواکاری گشتیی بەرلین رایگەیاند، لە ناوچەی نۆیکلین لە باشووری بەرلین، هاووڵاتییەکی سووریاییان دەستگیرکرد و دواتر برایە دادگە. دەشڵێن، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی پلاندانان بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی جیهادی. 
 
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، بەهۆی پلانەکەی ئەو گەنجە تەمەن 22 ساڵەوە وڵاتەکەیان دەکەوتە مەترسییەوە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پۆلیس سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوونی لە باشووری بەرلین پشکنیووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە. هەروەها لەو شوێنەی دەستگیرکراوە ژمارەیەک ئامێر دۆزرانەوە، کە دەکرا بۆ دروستکردنی تەقینەوە سوودیان لێ ببیندرێت. 
 
لە ساڵی 2016ـەوە بەرپرسانی ئەڵمانیا چاودێرییەکی چڕیان خستووەتە سەر پایتەختی وڵاتەکەیان بەتایبەت دوای "هێرشێکی جیهادی" بۆ سەر بازاڕێکی فرۆشتنی کەلوپەلی پەیوەندیدار بە ئاهەنگەکانی کریسمس. بە گوێرەی بەرپرسانی بەرلین، لەو هێرشەدا 12 کەس کوژران.