تۆمەتبارێکی دزییە گەورەکەی لۆڤەر لە دادگە دەگری

 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێک کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ چوار گومانلێکراوی دیکە لەسەر دزییە مێژووییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر دەستگیر کرابوو، رۆژی شەممە تۆمەتبار کرا و بە بڕیاری دادگە راگیرا.
 
ژنە 38 ساڵانەکە لەکاتی ئامادەبوونی لە دادگەی پاریس فرمێسکی دەڕشت و دەیگوت، ترسی لە خۆی و منداڵەکانی هەیە.
 
ژنەکە بە هاوبەشیکردن لە دزیی رێکخراو و پلانگێڕیی تاوانکاری تۆمەتبار کراوە.
 
دادوەر هۆکاری راگرتنی ژنەکەی بۆ "مەترسیی تێوەگلان" و "تێکدانی ئاسایشی گشتی" گەڕاندەوە.
 
ژنەکە خەڵکی گەڕەکێکی باکووری پاریسە.
 
سەرچاوەکانی پۆلیس و سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسییەکەوە بە فرانس پرێسیان راگەیاندووە، لە کۆی ئەو پێنج کەسەی هەفتەی رابردوو دەستگیرکران، دوو کەسیان رۆژی شەممە تۆمەتبار کراون و سێ کەسەکەی دیکە بێ تۆمەت ئازاد کراون.
 
مانگی رابردوو، دزەکان بە بەکارهێنانی کۆسەرە، بە رۆژی رووناک هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەی لۆڤەر، کە زۆرترین سەردانیکەری هەیە لە جیهاندا. دزەکان تەنیا لە ماوەی حەوت خوولەکدا خشڵ و زێڕیان دزی کە بەهایان بە 102 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
پێشتر دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراوی پیاویان راگەیاندبوو، هەفتەی رابردووش داواکارانی گشتی گوتیان، پۆلیس پێنج کەسی دیکەی دەستگیرکردووە.
 
ئەدریان سۆرێنتینۆ، پارێزەری ئەو ژنەی کە راگیراوە، رایگەیاند، بریکارەکەی "بە تووندی" ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە خراونەتە پاڵی.
 
بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو بە تەواوی وێران بووە." گوتیشی: "ئەمە دزییەکی گەورە و سەرسوڕهێنەرە و ئەو بڕیارەی کە تازە دراوە، بڕیارێکی سەرسوڕهێنەرە، ژنێکی گەنج خرایە زیندانەوە سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی دەسەلمێنرێت."
 
وەک تۆڕی راوکردن"
 
یەکێک لە سەرچاوەکان رایگەیاند، کەسێکی دیکەش کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بە شێوەی کاتی راگیراوە و دانیشتنی دادگاییکردنەکەی بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە.
 
سۆفیا بوگرین، پارێزەری یەکێک لە ئازادکراوەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک کە گومانلێکراوان بە هەڕەمەکی دەستگیر کراون.
 
بوگرین دەڵێت: "لە دۆسیەی تاوانی گەورەی وادا، دەبینین شەپۆلی دەستگیرکردنەکان زیاتر لە تۆڕی راوکردنی بەکۆمەڵ دەچن."
 
لۆر بێکوا، داواکاری گشتیی پاریس هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دوو پیاوەکەی پێشووتر بە تۆمەتی دزی و پیلانگێڕیی تاوانکاری تۆمەتبار کراون، دوای ئەوەی "دانیان بە بەشێک لە تۆمەتەکانیان دانەوە."
 
گومان دەکرێت ئەوان ئەو دوو کەسە بن کە چوونەتە نێو پێشانگەکەوە، لە کاتێکدا دوو هاوکاریان لە دەرەوە چاوەڕێیان کردوون. هەردووکیان دانیشتووی گەڕەکی ئۆبێرڤیلییەی باکووری رۆژهەڵاتی پاریسن.
 
یەکێکیان هاووڵاتییەکی جەزائیریی 34 ساڵە و لە فەرەنسا دەژی، کە لە رێگەی دی ئێن ئەیەوە ناسراوەتەوە کە لەسەر یەکێک لەو سکووتەرانە دۆزراوەتەوە کە بۆ هەڵاتن لە دزییەکە بەکارهاتوون. پیاوی دووەم شۆفێرێکی تەکسیی بێ مۆڵەتی 39 ساڵابە.
 
هەردووکیان بەهۆی دزییەکانی پێشوویان، ناویان لای پۆلیس هەبووە.
 
یەکەمیان لەکاتی هەوڵدان بۆ سواربوونی فڕۆکەیەک بۆ جەزائیر لە فڕۆکەخانەی شارل دۆگۆلی پاریس دەستگیرکرا.
 
دووەمیان ماوەیەکی کەم دواتر لە نزیک ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و بە گوتەی داواکارانی گشتی، هیچ بەڵگەیەک نەبووە کە پلانی هەبێت لە وڵات دەربچێت.
 
شتە دزراوەکان هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
 
دزەکان لە کاتی هەڵاتندا تاجێکی رازاوە بە ئەڵماس و زومرودیان فڕێدا کە هی یۆجینی، هاوژینی ناپلیۆنی سێیەم بوو.
 
دزەکان هەشت پارچە خشڵ و زێڕی دیکەیان برد. لەنێویاندا، ملوانکەیەکی زومرود و ئەڵماس هەیە کە ناپلیۆنی یەکەم بە هاوژینی دووەمی، ماری-لویز بەخشیبوو، هەروەها تاجێکی دیکە کە هی یۆجینی بووە و بە نزیکەی 2 هەزار ئەڵماس رازاوەتەوە.