کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 90 وڵات و لایەنی دەرەکی بانگهێشت کراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن


رووداو دیجیتاڵ

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی 90 وڵات و لایەنی دەرەکییان کردووە بۆ بەشداریکردن لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان.
 
حەسەن قەبس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانگهێشتنامە بۆ 90 وڵاتی عەرەبی و بیانی نێردراوە، لەوانەش باڵیۆزخانەکان و کۆنسوڵخانەکان و رێکخراوەکانی گرنگیدەر بە کاروباری هەڵبژاردن، بە ئامانجی بەشداریکردن لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو."
 
سەبارەت بە چاودێرانی نێوخۆیی، حەسەن قەبس روونیکردەوە "پێنجشەممەی رابردوو تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێرانی پارت و قەوارە سیاسییەکان لە وڵاتدا کۆتایی هات. ئێستا هیچ ئامارێکی کۆتایی لەبارەی ژمارەی چاودێرانی ناوخۆییەوە نییە و، کاتێک ژمارەکان تەواوبوو، وردبینییان بۆ دەکرێت و کارتی ناسینەوە دابەش دەکرێت و ژمارەی چاودێران رادەگەیێنرێت."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ـی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) بکرێت. 
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتییە و 9 کورسیشیان کۆتایە.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، 31 هاوپەیمانی و 38 پارت و 75 بەربژێری سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.