پۆلیسی بەریتانیا: هیچ ئاماژەیەک نییە هێرشەکەی وێستگە شەمەندەفەرییەکە تیرۆریستی بووبێ
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بەریتانیا دەڵێ، دوو کەسیان پەیوەندیدار بە هێرشەکەی شەوی رابردوو دەستگیرکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ ئاماژەیەک نییە پشانیبدات هێرشەکە "تیرۆریستی" بووە.
رۆژی یەکشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2025، پۆلیسی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە لەو هێرشە بەردەوامە کە بە چەقۆ بۆسەر سەرنشینانی شەمەندەفەرێک کرا کە لە وێستگەی دۆنکاستەرەوە بەرەو وێستگەی کینگز کرۆسی لەندەن دەچوو.
بە گوێرەی پۆلیسی بەریتانیا، کاژێر 7:40ی ئێوارەی دوێنێ بە کاتی لەندەن (10:40 بە کاتی هەولێر) هێرشەکە کراوە. جۆن لەڤلێس، سەرپەرشتیار لە پۆلیسی گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو کات پەیوەندییان پێوەکرا و "دوای هەشت خولەک پۆلیس چووە نێو شەمەندەفەرەکە و 2 کەسی دەستگیرکرد".
بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس، لە هێرشەکەدا 10 کەس برینداربوون؛ 4 کەسیان لە نەخۆشخانە دەرکراون، 6 کەسی دیکەیان لە نەخۆشخانەن کە دووانیان ژیانیان لە مەترسیدایە.
بە گوتەی لەڤلێس، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە تەمەنی 32 ساڵ و ئەوی دیکەش تەمەنی 35 ساڵە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد: "هیچ ئاماژەیەک نییە پشانیبدات کە ئەوەی روویداوە تیرۆریستی بووە". سەبارەت بە بنەچەی تۆمەتبارەکانیش، پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، هەردووکیان هاووڵاتیی بەریتانین.