لەنێو پەرلەمانی سەنیگال شەڕە بۆکس و شەڕە کورسی دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو پەرلەمانی سەنیگال شەڕ دروستبوو و پەرلەمانتارەکان بە بۆکس و کورسی لە یەکیان دا.
شەڕەکە لەسەر ئەوە بوو کە گوایە یەکێک لە ژنە پەرلەمانتارەکان بە ناوی ئەیمی نادیا سووکایەتی بە کەسایەتییەکی ئۆپۆزیسیۆن کردووە. ئەوەش وایکرد، ئەندام پەرلەمانێکی پیاو لە شوێنی خۆی هەستێتەوە و زللـەیەک لە خانمە پەرلەمانتارەکە بدات؛ ئەویش کورسییەکی هەڵگرت و تێی گرت.
پەرلەمانتارێکی دیکە پێلەقەیەکی لە ژنەکە دا و بەری دایەوە. شەڕەکە گەورە بوو و بوونە دوو کۆمەڵ و بە بۆکس رووبەڕووی یەک وەستانەوە. سەرۆکی پەرلەمان ناچار بوو دانیشتنەکە بووەستێنێت بۆ ئەوەی شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنێت. دانیشتنەکە تایبەت بوو بە بودجەی وەزارەتی داد بۆ ساڵی 2023.
ئەو سەرکردەیەی کە گوایە نادیا قسەی پێگوتووە، سێراین موستەفایە کە کەسایەتییەکی ئایینییە، بەڵام ئەندام پەرلەمان نییە. 27ـی نۆڤەمبەر، نادیا ئەوی تۆمەتبارکرد بە جێبەجێنکردنی بەڵێنەکەی و بێڕێزیکردن بە ماکی ساڵ، سەرۆکی سەنیگال.
پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆن بەناوی ئەبا مبای بە میدیای وڵاتەکەی گوت، تاوەکو ئەو ژنە داوای لێبوردن نەکات، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن رێگە بە هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نادەن.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکانی دەسەڵات و داکۆکیکارانی مافی ژنان بە تووندی رەخنەیان لە پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزیسیۆن گرت لە بەرامبەر لێدانی نادیا، کە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵمەتێکی هۆشیاریی دژی تووندوتیژیی دژی ژنان و کچان.
لە رۆژئاوای ئەفریقا کە بە کودەتا و تاکڕەوی بەناوبانگە، سەنیگال بە نموونەی سەقامگیری و دیموکراسی دادەنرێت.