بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئەنجوومەنی ئاسایش ئەم مانگە سەردانی سووریا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەم مانگە سەردانی سووریا دەکات، ساڵێک دوای رووخانی حکومەتی ئەسەد، هەروەها لەکاتێکدا کە گرژییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکە زیادیانکردووە بەهۆی خواستی کەمینەکانی سووریاوە بۆ دەسەڵاتێکی نا- ناوەندی.
ساموێل ژبۆگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ئەم سەردانە لە کاتێکی گرنگدا بۆ ناوچەکە و هەردوو وڵاتی [سووریا و لوبنان] و ئەنجام دەدەین. ساڵێک بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد دا تێپەڕیوە و دەسەڵاتدارانی نوێ خەریکی دروستکردنی حکومەتێکی راگوزەرین."
لە سووریا، کەمایەتییەکان لە ناوچەی جیاوازی وڵاتەکە چڕبوونەتەوە و ئەمەش پسپۆڕان دەڵێن، وایکردووە فیدراڵییەت لەسەر ئاستی جوگرافی گونجاو بێت.
ئەنجوومەنی ئاسایش، کاریگەرترین دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و مانگانە سەرۆکەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم مانگە سلۆڤینیا سەرۆکایەتی دەکات.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا نوێنەری سلۆڤینیا گوتی، سووریا بەشێک دەبێت لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتەکەیدا. بەڵام بە رووداو دەڵێت، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی خواستی کەمینەکانی سووریا بۆ خۆبەڕێوبەری (ئۆتۆنۆمی) ناکات.
دەقی قسەکانی ساموێل ژبۆگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو:
رووداو: ئایا کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر سوریا تاوتوێی خۆبەڕێوبەری بۆ کەمینەکانی سوریا دەکات؟
ساموێل ژبۆگار: نەخێر. پێموایە ئەمە پرسێکە تا سوریا خۆی بریاری لێبدات. هەندێک مێژووی کوردم لە سوریا وەبیر سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش هێنایەوە.
رووداو: رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی جیهانی ئەو تاوانانەی بە بەڵگە کردووە کە رژێمی پێشوو دەرهەق بە کورد ئەنجامی داون، لەوانەش بێبەشکردنیان لە هاوڵاتیبوون کە لە بەرامبەردا بەو واتایە دەهات کە کورد نەیاندەتوانی هاوسەرگیریی فەرمی بکەن و نەیاندەتوانی بگوازنەوە بۆ دەرەوەی سووریا. ئایا سلۆڤینیا تێدەگات کە بۆچی کورد هێندە پێداگرە لەسەر داواکردنی نا-ناوەندیبوون یاخود ئۆتۆنۆمی بۆ خۆیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا؟
ساموێل ژبۆگار: پێموایە کاتێک دەچینە سووریا لەگەڵ هەمووان کۆدەبینەوە. بۆیە گوێ لە بۆچوونی هەمووانیش دەگرین. بەڵام من خۆم بەدوور دەگرم لە دەربڕینی ڕا و بۆچوون لەسەر پرسێکی ناوخۆیی وڵاتێکی دیکە. وەک گوتم، دەتوانین هەمیشە ئامۆژگاری و هاندان و پشتیوانی پێشکەش بکەین، بەڵام دەبێت چارەسەرەکە لە ناوخۆوە بێت.
ئەم سەردەمە رەنگە بە باشترین سەردەمی کورد بێت لە مێژوودا. لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان ماف و دەسەڵاتیان لە زیادبووندایە. بەڵام تەنانەت لە عێراق، کە کورد زۆرترین دانپێدانانی وەدەستهێناوە، ئەم هەفتەیە روونبووە کورد هێشتا لەژێر هەڕەشەدایە کاتێک هێرشێک کرایە سەر کێڵگەیەکی گەورەی گاز و بەشێکی زۆری هەرێمەکە بەهۆیەوە تاریک بوو.
قسەی ستیڤان دوجاریک، گووتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ رووداو:
رووداو: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کاتێک لێرە پشوو بوو، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر گەورەترین پاڵاوگەی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان، و ئەمەش بووە هۆی بچڕانی نزیکەی٨٠٪ی کارەبای هەرێمەکە. ئایا سکرتێری گشتی هیچ لەوبارەیەوە بۆ گووتن هەیە؟
ستیڤان دوجاریک: وەک ئەوەی پێم وتیت هەڵوێستمان چییە، ئێمە دژی هەر هێرشێکین بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش ژێرخانی وزە، کە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی نوێی ئەنجوومەن هیوای خواست سەردانەکە متمانەی سورییەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتربکات دوای ئەوەی هەستیان کرد رێکخراوە جیهانییەکە فەرامۆشی کردبوون لە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی چەند ساڵی رابردووی ئەسەد دا.