رووداو رۆژێکی دیکەی مێژوویی بۆ رۆژنامەڤانیی کوردستان تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا؛ دیار کوردە، پەیامنێری رووداو وەکو تاکە رۆژنامەڤانی کورد و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا بەشدار دەبێت و پێدەچێت دەرفەتی پرسیارکردنی لە دۆناڵد ترەمپ هەبێت.
رۆژی سێشەممە، 02-12-2025 دیار کوردە، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، دەرفەتی ئەوەیان پێدراوە کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا بکەن و سەرۆکە وڵاتەکەش ئامادەی دەبێت.
دیار کوردە لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکە گوتی: یەکەمینجارە رۆژنامەڤانێکی کورد، تەنانەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش رۆژنامەڤانێک لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بێت."
دیار کوردە باسی لەوەش کرد کە دەیەوێت پرسیاری هێرشەکانی ئەمدواییانەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و دابینکردنی سیستمی دژەمووشەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە دۆناڵد ترەمپ بکات، وەڵامەکەی وەربگرێت.
"ئەگەر دەفەت هەبێت، پرسیار لەبارەی [دۆخی] رۆژئاوای کوردستان و عێراق لە دۆناڵد ترەمپ دەکەم." دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن وای گوت.