ترەمپ بۆ رووداو: متمانەی زۆرم بە سەرۆکی سووریا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی سووریا گوتی: "سووریا رێگەیەکی دووری بڕیوە. سەرۆکی سووریا کارێکی باش دەکات و متمانەی زۆرم پێی هەیە."

رۆژی چوارشەممە 02-12-2025 دیار کوردە لە کۆشکی سپی رووبەڕوو پرسیاری لە ترەمپ کرد و گوتی: "بڕیارەکانی ئێوە لەبارەی سووریا خەڵکێکی زۆری دڵخۆش کرد، بەڵام ئێستا پێکهاتەکان، کورد و دروز و کریستیانەکان داوا لە ئەمریکا دەکەن کە هاوکارییان بکەن جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی و لە هەمان کاتدا مافەکانیان پارێزراو بن لە سووریای نوێدا. ئێوە ئامادەن هاوکارییان بکەن؟"
 
ترەمپ لە وەڵامی پەیامنێرەکەی رووداو گوتی: "وایە، سووریا رێگەیەکی دووری بڕیوە. هەروەک ئاگاداری، سەرۆکی نوێی سووریا لێرە بوو سێ هەفتە لەمەوبەر."
 
ترەمپ لە پەسندانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گوتی: "کاری ئاسان نییە. چەندین سەتە کێشە لەوێ هەبوون. بەڵام پێم وایە کارێکی باش دەکات و متمانەی زۆرم پێی هەیە."
 
پێش ئەم پرسیارەش، ترەمپ دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی هەر لەنێو کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رووداوی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و پرسی پێدانی سیستمی دژە مووشەکی بە هەرێمی کوردستان دایەوە. 
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
 
دیار کوردە: جەنابی سەرۆک، بڕیارەکانی ئێوە لەبارەی سووریا خەڵکێکی زۆری دڵخۆش کرد، بەڵام ئێستا پێکهاتەکان، کورد و دروز و کریستیانەکان داوا لە ئەمریکا دەکەن کە هاوکارییان بکەن جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی و لە هەمان کاتدا مافەکانیان پارێزراو بن لە سووریای نوێدا. ئێوە ئامادەن هاوکارییان بکەن؟ 
 
ترەمپ:  پێم وایە سووریا رێگەیەکی دووری بڕیوە. هەروەک ئاگاداری، سەرۆکی نوێی سووریا لێرە بوو سێ هەفتە لەمەوبەر. کاری ئاسان نییە. چەندین سەتە کێشە لەوێ هەبوون. بەڵام پێم وایە کارێکی باش دەکات و متمانەی زۆرم پێی هەیە.