فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە نەرویج گەیشتە 96٪

رووداو دیجیتاڵ
 
لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا، لە هەر 100 ئۆتۆمبێل، کە لە نەرویج فرۆشراون، نزیکەی 96یان کارەبایی بوون.
 
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی رێگەوبانی فیدراڵی نەرویج، لە 95.8٪ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە سەراسەری ئەو وڵاتە تۆمارکراون، کارەبایین؛ لە نێویاندا ئۆتۆمبێلی هایبێرد.
 
بە گوێرەی داتاکان، مانگی رابردوو، 9 هەزار و 343 ئۆتۆمبێل فرۆشراون، 8 هەزار و 954یان کارەبایی بوون.
 
ئۆیڤیند سۆلبێرگ، بەڕێوەبەری ناوەندی رێگەوبانی فیدراڵیی نەرویج رایگەیاند: "هەرگیز پێشتر ئەمە لە نەرویج رووینەداوە و ئەگەر بەو رێژەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئامانجی ساڵی 2025مان کە بریتییە لە گەیشتن بە 100٪ی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێیدەگەین، بەڵام ئەوە پێویستی بەوەیە تایبەتمەندییەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە جۆرێک بن، کە بۆ کڕیاران سەرنجڕاکێش و بەسوود بن و لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکانی دیکە، دەگمەن و جیاواز بن".
 
یەکێک لەو خاڵە ئەرێنییانەی کە لە نەرویجدا هەیە، نەبوونی باجە لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، ئەوەش پێچەوانەی ئۆتۆمبێلەکانی بەنزین، گاز و گازوایلە.
 
مانگی رابردوو، ئۆتۆمبێلی گازوایل لە 1.5٪، ئۆتۆمبێلی بەنزین 0.4٪ی بازاڕی ئۆتۆمبێلە فرۆشراوەکانی نەرویجییان پێکهێناوە؛ لە نێو ئەو دوو جۆرەدا تۆیۆتا بی زێت 4 ئێکس، ڤۆلکسڤاگن ئای دی 4 و نیسان ئاریا زۆرترین فرۆشیان بووە.
 
هەڵکشانی بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە نەرویج، پێچەوانەی تێکڕای بازاڕەکانی ئەورووپایە.
 
بەگوتەی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل لە ئەورووپا، بە درێژایی پار، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان 13.6٪ی کۆی بازاڕی ئۆتۆمبێلیان پێکهێنابوو؛ ئەوەش کەمترین رێژەیە کە لە 2020وە تۆمار دەکرێت.