لە ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد؛ کوژراوێک و 25 بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد. پۆلیس دەڵێت یەک کەس و میدیاش دەڵێت دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ گومانلێکراوێکیش دەستگیرکراوە.
رۆژی دووشەممە، 03-03-2025، لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد. بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، هێرشکارەکە کەسێکی ئەڵمانییە و تەمەنی 40 ساڵە.
ستێفان ویلهێلم، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە هەنووکەییەکان، لەنێو جەرگەی شارەکە ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کردووە. کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەندینی دیکەش بریندارن."
پۆلیس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕاندا کەسێکیان دەستگیر کردووە. تائێستا ئاشکرا نەکراوە کەسانی دیکە لەو رووداوە تێوەگلابن، پاڵنەری هێرشەکەش دیار نییە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاند: "لە رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسیش بریندار بوون."
یەکێک لە شایەتحاڵەکان گوتی، تەنیا بریندار و مردوو دیاربوون، "نەمدەزانی چی بکەم."
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆ لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "ئێستا رزگاکردنی ژیانی خەڵک، گرنگیدان بە بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە رووداوە گرنگترین ئەو شتانەن کە دەبێت بکرێن."
بەگوێرەی میدیای خۆجێیی مانهایم، ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەشی بەرز بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو رووی بازاڕێکی شارەکە لێی خوڕیوە و خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە. رووداوەکەش لە گۆڕەپانی پارادێپلاتز روویداوە.
نەخۆشخانەی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، پلانیان بۆ فریاگوزاری لەناکاو داناوە، ئەمەش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان یان ئەوانی گیان لەدەستدەدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-02-2025 پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، کە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو. لە رووداوەکە منداڵێکی دوو ساڵ و دایکی گیانیان لەدەستدا.
لە مانگی 12ـی پار ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد و شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.