نەتەنیاهوو: جەنگی ئێران نەبڕاوە نابێت، ئەگەر ئێستا هێرشمان نەکردایە لە داهاتوودا مەحاڵ دەبوو

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو ململانێیە تووندەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبووە، نابێتە "جەنگێکی نەبڕاوە،" بەڵام پێویستی بە کات دەبێت تاوەکو ئامانجەکانی دەپێکێت.
 
رۆژی سێشممە 03-03-2026، نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: "ئێمە جەنگێکی نەبڕاوەمان نابێت، ئەمە کردارێکی خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت." نەتەنیاهوو دواتر قسەکانی روونتر کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ململانێکە "رەنگە کاتی بوێت، بەڵام بۆ ماوەی چەندین ساڵ درێژە ناکێشێت."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆکاری هێرشە کتوپڕەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، تاران سەرقاڵی بنیاتنانی بنکەی ئەتۆمیی نوێ بووە. نەتەنیاهوو بانگەشەی ئەوەی کرد، لە دوای جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە، ئێران دەستی کردووە بە دروستکردنی پەناگەی زۆر قایم لە ژێر زەویدا.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئەوان شوێنی نوێ و پەناگەی ژێر زەوییان دروست دەکرد کە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیانی لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا بەرامبەر هەر هێرشێک دەپاراست. ئەگەر ئێستا ئەو هەنگاوەمان نەنابووایە، لە داهاتوودا نەماندەتوانی هیچ کارێکیان بەرامبەر بکەین."
 
بنیامین نەتەنیاهوو وەڵامی ئەو قسانەیشی دایەوە گوایە ئەو ئەمریکای پەلکێشی جەنگەکە کردووە و گوتی، "ئەوە بێ مانایە، دۆناڵد ترەمپ بەهێزترین سەرکردەی جیهانە. ئەو دەزانێت چی باشە بۆ ئەمریکا و نەوەکانی داهاتوو".
 
هاوکات لەگەڵ قسەکانی نەتەنیاهوو، خەمڵاندنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی جەنگەکە جێگیر نین و بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. بەپێی دواین زانیارییەکان، ترەمپ پێشبینی دەکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر لە 4 هەفتە بخایەنن.
 
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە جەنگ چووەتە چوارەمین رۆژییەوە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.