چین داوای پاراستنی گەرووی هورمز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
چین داوا لە هەموو لایەنە بەشدارەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات پارێزگاری لە سەلامەتیی گەرووی هورمز بکەن، کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.
چین هەروەها بەڵێنی دا رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی.
نزیکەی یەک لەسەر چواری نەوتی جیهان کە لەرێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت، جگە لە بڕێکی زۆر لە کاڵا و شمەک.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "چین داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگرن و رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان بگرن."
گوتەبێژەکە جەختی کردەوە: "دەبێت سەلامەتیی رێڕەوە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بپارێزرێن بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورەتر لەسەر ئابووریی جیهان دروست نەبێت."
سەبارەت بە ئاسایشی وزە، ماو نینگ گوتی: "ئاسایشی وزە گرنگییەکی زۆری بۆ ئابووریی جیهان هەیە. چین رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی وزەی خۆی."
چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە، کە بەشێکی زۆری لە رێگەی ئەم گەرووەوە دەگوازرێتەوە.