ترەمپ: پەیوەندیی ئەمریکا و بەریتانیا وەک جاران نەماوە؛ ستامەر هاوکار نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی The Sunی بەریتانی رایگەیاند، پەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتەکەی و بەریتانیا "وەک جاران نەماوە".
ترەمپ هۆکاری ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەتیکردووەتەوە رێگە بە ئەمریکا بدات بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە قوبرس بۆ جەنگی دژی ئێران بەکاربهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوە پتەوترین پەیوەندی بوو لە نێوان هەموواندا. بەڵام ئێستا پەیوەندیی زۆر بەهێزمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەیە"، وەک ئاماژەیەک بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا.
ترەمپ رەخنەی لە هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرت و گوتی: "ستامەر هاوکار نەبوو... هەرگیز باوەڕم نەدەکرد ئەوە ببینم. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد ئەوە لە بەریتانیا ببینم. ئێمە بەریتانیامان خۆشدەوێت."
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لە کۆشکی سپییەوە، ترەمپ گوتیشی: "راستییەکەی جیهانێکی جیاوازە. تەنیا جۆرێکی زۆر جیاوازە لەو پەیوەندییەی کە پێشتر لەگەڵ وڵاتەکەتان هەمانبوو."