ترەمپ رەزا پەهلەوی دەخاتە دەرەوەی سەرکردایەتیی قۆناخی نوێی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە، کۆمەڵێک وردەکاری لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران باسکرد، ئەو کەسێك لە نێوخۆی وڵاتەکە بە گونجاو دادەنێ بۆ قۆناخی نوێ لە ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی قۆناخی داهاتوو و دانانی رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران دەڵێت: "کەسێک لە نێوخۆی ئێران گونجاوترە.'' ستراتیجی ئیدارەکەشی بە سەرکەوتووتر دادەنێ لە هێرش بۆ سەر وڵاتان و عێراق بە نموونە دێنێتەوە.
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیا داوای حکومەتێکی نوێ لە ئێران دەکات و گوتی، باسی رۆژانی دواتر دەکەین کە چی روودەدات ئەگەر رژێمی ئێران لەنێوچوو.
ترەمپ لەبارەی رەزا پەهلەوی: کەسێک لەنێوخۆی ئێران گونجاوترە
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دانانی رەزا پەهلەوی وەکو سەرکردە بۆ قۆناخی نوێ لە ئێران، ترەمپ رایگەیاند: "هەندێک کەس خۆشیان دەوێ، بەڵام ئێمە زۆر بیرمان (لە دانانی) نەکردووەتەوە، بۆ من کەسێك لەنێو ئێران رەنگە گونجاوتر بێ، ئەو کەسێكی زۆر باش دەردەکەوێ، بەڵام بۆ من کەسێک لەوێ (ئێران)، کەسێک بەنێوبانگ بێ ئێستا لە ئێران، کەسی واشمان هەیە لە ئێران، کەسانێک هەن میانڕۆن و تووندڕۆ نین.
ترەمپ بەمشێوەیە کوڕەکەی شا دەخاتە دەرەوەی بازنەی کێبڕکێ لە سەرکردایەتیی ئێران، چونکە لە ڤەنزوێلاش هەمان شتی کرد و کەسێکی لەنێوخۆی وڵاتەکە بۆ سەرکردایەتی دانا و تەنیا شێوەی حوکمڕانی وڵاتەکەی گۆڕی.
"هێرشمان نەکردبایە، ئێران دەیکرد"
ترەمپ لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مێرتز رایگەیاند، "ئێمە گفتوگۆمان هەبوو پێش هێرشەکە، بە بۆچوونی من ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردبایە، ئەوان هێرشیان دەکرد.''
ترەمپ لەگەڵ مێرتز زیاتر لە نیو کاژێر لەنێو نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئایا ئیسرائیل هانی داوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ترەمپ رەتیکردەوە ئیسرائیل هانی دابێ و دەڵێت، "لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی هەبوون، بڕیاری هێرشمدا.''
راشیگەیاند:"لەو چەند رۆژە کەمەی شەڕدا هەموو توانا سەربازییەکانی ئێرانمان وێران کردووە، نزیکەی هەموو شتێکمان وێران کردووە.''
لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە ناردنی مووشەک بۆ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، ترەمپ پێشبینی دەکات ئەو هاوێشتنی مووشەکانەی ئێران زۆر نەخایێنێت، دەڵێ: "مووشەکی زۆریان هاویشتووە و ئێمەش زۆرمان لەنێو بردوون.''
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، "بە بڕوای من ئێرانییەکان دەستپێشخەر دەبوون بۆ هێرش، منیش نەمدەویست ئەوە روو بدات.''
دەشڵێت، "ژمارەی مووشەکەکانی ئێران کەمتر بووەتەوە، ئێران تەنانەت هێرش دەکاتە سەر هەندێک وڵات کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو دۆخەوە نییە.''
"لە یەکەم لێدانمان 49 سەرکردەی ئێرانمان کوشت"
ترەمپ هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی و ئیسرائیل بە زۆر ورد دادەنێ و دەڵێت، "چی دیکە ئەوان بەرگریی ئاسمانییان نەماوە، شوێن و باڵەخانەش نەماوە سەرکردەکان خۆیان لێ بپارێزن.''
ترەمپ ژمارەیەکیش لەبارەی کوژرانی خۆپێشاندەران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ئەو کەسانەی لەلایەن سوپای وڵاتەکەمان کرانە ئامانج، خەڵکی خراپ بوون، لە ماوەی رابردوودا 35 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە، سەرکردەی ئەوانەی هێرشیان دەکردە سەر خۆپێشاندەران رۆیی(کوژرا)."
راشیگەیاند:" لە یەکەم شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکان 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە.''
لەبارەی کوشتنی سەرکردە و بەرپرسانی دیکەش گوتی، "دوو شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووەتە هۆی کوژرانی ئەو کەسایەتییانەی بەربژێربوون بۆ سەرکردایەتی لە ئێران، هێرشێکی گەورەش کراوەتە سەر کۆبوونەوەیەک بۆ دیاریکردنی سەرکردەیەکی نوێ.''
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، "زۆربەی ئەو کەسانەی بەربژێربوون بۆ سەرکردایەتی لە ئێران، کوژراون، ئێستا کۆمەڵێکی دیکە هەن، رەنگە ئەوانیش مردبن، بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستمان.''
بەپێی قسەی ترەمپ بێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێران داوای پارێزبەندی دەکەن، "ئەو بەرپرسانە دەیانەوێ وازبێنن، داوای پارێزبەندیان کردووە، هەندێكی دیکەش دەیانەوێ چەکەکانیان دابنێن، با بزانین چ روودەدات.''
"لە عێراق هەندێک کەسیان دەرکرد هەر نەیاندەزانی مەسەلە چییە"
ترەمپ بەراوردی هێرشکردنە سەر ئێران و ڤەنزوێلا دەکات و دەڵێت، "هێرشمان کرد، حکومەتمان هێشتەوە، دێلسیمان دانا، کەسێکی زۆر باشە و بەرپرسی هەموو شتێکە، پەیوەندیمان باشە و سەتان ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە ڤەنزوێلاوە بەرهەمهێناوە، بەشێکی بۆ ئەوان و بەشێکیشی بۆ ئێمە دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا باسی عێراقیشی کرد، گوتی: "ئەگەر سەیری عێراق بکەی، گێلانە هەموو کەسیان دەرکرد، جەنەڕاڵەکان دەرکران، سوپا نەما، پۆلیسیان نەهێشت و هەموویان دەرکرد، تەنانەت کارمەندانی بەرگریی شارستانیش دەرکران، هەموو فەرمانبەرانی حکومەت دەرکران، کەسانێک دەرکران هەر ئاگاداری هیچ شتێک نەبوون.''
ترەمپ ئەو دۆخە لە عێراق بە سەرهەڵدانی داعش دادەنێ و دەڵێت، "داعش لەوەوە دروستبوو، لەو کەسانە دروست بوو دەرکرابوون، نازانم باوەڕ دەکەی یان نا.''
ترەمپ بۆ چالاکڤانانی ئێران: جارێ مەیەنە دەرەوە
ترەمپ رووی لەو کەسانەش کرد سەرپەرشتی دوایین خۆپێشاندانەکانی ئێرانیان کرد، داوای لێکردن خۆیان لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی گەورە بپارێزن تاوەکو ئەو کاتەی دۆخەکە سەقامگیر دەبێت، ئاماژەی بەوەدا سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هێرشکردنە سەر ئێران.
دەشڵێت، "ئەگەر سوورن لەسەر چوونە دەرەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین، ئێستا مەیکەن.''
ئێران لە کاژێرەکانی یەکەمی هێرشی ئەمریکا و ئێران دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد. چەندین وڵاتی لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، دەڵێت: هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتان نین، بەڵکو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان لەو وڵاتانە.
ترەمپ گوتی، "لەو چەند رۆژە کەمەی شەڕدا هەموو توانا سەربازییەکانی ئێرانمان وێران کردووە، نزیکەی هەموو شتێکمان وێران کردووە.''
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، "زۆربەی ئەو کەسانەی بەربژێربوون بۆ سەرکردایەتی لە ئێران، کوژراون، ئێستا کۆمەڵێکی دیکە هەن، رەنگە ئەوانیش مردبن، بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەستمان.''