ئەکسیۆس دەڵێت ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە. ئەکسیۆس دەڵێ، "ئامانجی ئەم پەیوەندییانە تاوتوێکردنی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم ململانێیە بووە."
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕەکەیان راگەیاندووە، "ئەم پەیوەندییانە تەنیا یەک رۆژ دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی بۆردوومانە چڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران (لە رۆژی شەممە) کراون."
سەرچاوەیەک ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی بە "هەستیار" وەسفکردووە و رەتیکردووەتەوە وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم پەیوەندییانە گوتی: "سەرۆک ترەمپ لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ چەندین هاوپەیمان و هاوبەش لە ناوچەکەدا."
بۆچی کورد؟
بەپێی راپۆرتەکە، "کوردەکان خاوەنی هەزاران سەربازی مەشقپێکراون لەسەر سنوورەکانی ئێران و عێراق و کۆنتڕۆڵی ناوچەگەلێکی ستراتیژی دەکەن کە دەکرێت لە کاتی هەڵکشانی جەنگەکەدا رۆڵێکی سەرەکی ببینن."
ئەکسیۆس نووسیویەتی: "هەروەها کوردانی عێراق پەیوەندیی قووڵیان لەگەڵ کەمینەی کوردی ناو ئێراندا هەیە، کە ئەمەش وەک خاڵێکی بەهێز بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەبینرێت."
سەرچاوەیەک بە ئەکسیۆسی گوتووە: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ هەمووان قسە دەکات، هەم لەگەڵ سەرکردە کوردەکان و هەم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانیش."