ترەمپ: کۆگاکانمان پڕن لە چەک و دەتوانین بۆ هەمیشە بجەنگین

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی وڵاتەکەی لە ئاستێکی "زۆر بەرزدان" و دەشڵێت، ئەمریکا خاوەنی بڕێکی "بێسنوور" لە چەکی پێشکەوتووە و دەتوانن بۆ هەمیشە بجەنگن.
 
سێشەممە 3-3-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە  پۆستێکد لە سۆشیالمیدیاکەی رایگەیاند: "کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا لە ئاستی مامناوەند و سەرووی مامناوەند، هەرگیز لەم رێژە بەرزەدا نەبوون و باشتر نەبوون. وەک ئەمڕۆ پێمگوترا، ئێمە بڕێکی بێسنوورمان لەم چەکانە هەیە و دەکرێت بۆ هەمیشە و بە سەرکەوتوویی بجەنگین تەنیا بە بەکارهێنانی ئەم پێداویستییانە."
 
ترامپ لە بەشێکی قسەکانیدا رەخنەی تووندی لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "جۆ بایدنی خەواڵوو هەموو کات و پارەی وڵاتەکەمانی خەرج کرد بۆ ئەوەی بە سەدان ملیار دۆلار چەک بداتە ڤۆلۆدیمیر زیلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا. ئەو زۆر لە چەکە هەرە ئاستبەرزەکانی بە خۆڕایی بەخشی و زەحمەتی ئەوەی نەدا بە خۆی کە شوێنەکانیان پڕ بکاتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سوپای ئەمریکای بنیات ناوەتەوە و بەردەوامیشە لەسەر ئەو کارە، گوتیشی: "ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆگاکانی پڕە و ئامادەیە بۆ سەرکەوتنی گەورە."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە؛ دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. ترەمپ رایگەیاندووە کە لەو هێرشانەدا 49 سەرکردەی باڵای ئێرانییان کوشتووە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.