ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر بڕیارێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لە رێگەی هێزەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی نێوان دوو دیپلۆماتکار کە رایان لەسەر ئێران جیاوازە؛ وەزیری دەرەوەی بەحرێن لەگەڵ نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆ دەکات بە ئومێدی گۆڕینی هەڵوێستی زلهێزەکە لەسەر پرسێک کە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی شتومەک لەسەراپای جیهان: تەنگەی هورمز.
ئەم مانگە بەحرێن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و رەشنووسە-بڕیارێکی پێشکەشکردووە کە رێگە بەبەکارهێنانی هێز بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ کەشتیی هەموو وڵاتان دەدات.
پێش دەسپێکردنی کۆبوونەوەکە، سکرتێری گشتی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە زیاتر لە وەڵامێک دەچوو بۆ قسە ئاگرینەکانی شەوی پێشتری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کە هەڕەشەی خاپوورکردنی ئێرانی کرد و گوتی کردنەوەی هورمز بەرپرسیارێتیی واشنتن نییە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "کاتێک تەنگەی هورمز دەخنکێندرێت، هەژارترین و بێدەسەڵاتترین خەڵکی جیهان ناتوانن هەناسە بدەن. ئەمە لە ژیانی رۆژانەی ئەو خەڵکەدا دەبینین کە گیرۆدەی زیادبوونی تێچووی خۆراک و وزە بوون، لە فلیپینەوە تا سریلانکا و مۆزەمبیق و کۆمەڵگاکانی دیکە."
کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات. هەرچەندە جەختی کردووەتە سەر ئێران، نوێنەری ئێران بانگهێشت نەکراوە. چین و رووسیا بۆ قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتباردەکەن، نەک ئێران.
فو کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "لە سایەی بارودۆخی ئێستادا، مۆڵەتدان بە وڵاتانی ئەندام بۆ بەکارهێنانی هێز، بە واتای شەرعیەتدان بە بەکارهێنانی نایاسایی و هەڕەمەکیانەی هێز دێت، کە بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری بارودۆخەکە و دەرەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ رووداوی پشتراستکردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی رەشنووسەکەی بەحرێن دەکات.
نامۆ عەبدوڵڵا دەپرسێت: ئەو رەشنووسە بەیانی دەنگی لەسەر دەدەرێت؟
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامدا دەڵێت: "پاڵپشتی دەکەین. "
بەشێوەیەکی گشتی، کە واشنتن لەگەڵ شتێکدا بێت، هاوپەیمانەکانیشی لەگەڵیداین، بەڵام ئەمجارە جیاوازە: فەرەنسا، کە مافی ڤیتۆی هەیە، نیگەرانی لەبارەی زمانی رەشنووسەکەوە بۆ بەکارهێنانی هێز دەربڕیووە. لەوبارەیەوە، ئێوارەی پێنجشەممە رووداو هەوڵیدا رای نوێنەری فەرەنسا وەرگرێت، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. چاوەڕێناکرێت فەرەنسا ڤیتۆی بڕیارەکە بکات و رەنگە تەنیا بێ لایەنی هەڵبژێرێت.
بێلایەنی شتێکە بەحرێن و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێدەکەن. بڕیارەکە دەنگی پێویستی هەیە و تەنیا ڤیتۆ دەتوانیت پەکی بخات. ئەگەر رووسیا و چین هەمان هەڵوێستی مانگی رابردوویان هەبێت کاتێک نەبوونە بەربەست لەبەردەم بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێی، ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی تۆماردەکەن و بنەمایەکی یاساییان بۆ فەراهەم دەبێت تاوەکو لە رێگەی هێزەوە تەنگەی هورمز بکەنەوە. بەڵام لە رووی کردارییەوە تاچەند ئاسانە، ئەوە پرسیارێکی دیکەیە.