بەریتانیا یاساکانی پەنابەری تووند دەکاتەوە؛ پەنابەرانی نوێ تەنیا 30 مانگ مافی مانەوەیان پێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا کە رۆژانێک پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ هەزاران کورد، دەستیکردووە بە گۆڕینی یاساکانی سەبارەت بە کۆچبەری و پەنابەری. لە مانگەکانی ئادار و نیسانی 2026ـدا، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی رادیکاڵ و بێپێشینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا جێبەجێ دەکرێن، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پەنابەران و بەتایبەتی کوردی دانیشتووی بەریتانیا دەبێت.
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان لەو گۆڕانکارییانەدا ئەوەیە، ئەو کەسانەی لە دوای 2ـی ئاداری 2026ـەوە داوای پەنابەری دەکەن، چی دیکە مافی مانەوەی پێنج ساڵییان پێنادرێت؛ بەڵکو سیستمە نوێیەکە لە باشترین حاڵەتدا تەنیا 30 مانگ (دوو ساڵ و نیو) ئیقامە بە پەنابەر دەدات. بەمەش پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا دەبێت هەموو دوو ساڵ و نیو جارێک ئیقامەکانیان نوێ بکەنەوە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکە ئەگەر دۆخی کوردستان یان عێراق گۆڕانی بەسەردا بێت، حکومەتی بەریتانیا دەتوانێت بڕیار بدات کە ئەو کەسانە چیدیکە پێویستیان بە پاراستن نییە و دیپۆرتیان بکاتەوە، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە پێش 2ـی ئاداری 2026 داوای پەنابەرییان کردووە یان پێشتر ئیقامەیان وەرگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییەکی دیکە کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کاری پێدەکرێت ئەوەیە کە بوونی ئیقامە و مافی کارکردن بەو واتایە نایەت کە پەنابەر دەتوانێت لە هەموو شوێنێک کار بکات. بەپێی یاسا نوێیەکان، پەنابەر دەبێت تەنیا لەو بوارانەدا کار بکات کە لە لیستی کارە پێویستەکانن (کە شارەزاییان پێویستە) و دەبێت ئاستی بڕوانامەکەشی زانکۆیی بێت.
ئەم بڕیارە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو گەنجە کوردانە دەبێت کە لە چێشتخانە، سەرتاشخانە و شوێنەکانی دیکە کار دەکەن. رەخنەگرانی یاساکە پێیان وایە ئەمە وا دەکات دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا روو لە ئیشی رەش بکەن، کە ئەمەش مەترسیدارە بەو پێیەی سزاکانی کارکردنی رەش لە ئێستادا تووندتر کراون.
هاوکات یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییە ئەوەیە؛ هەر کەسێک 12 مانگ سزای زیندانیکردنی هەبێت، جا سزاکە جێبەجێ بکرێت یان دواخرابێت، راستەوخۆ دیپۆرت دەکرێتەوە. ئەم یاسایەش مەترسییە بۆ سەر گەنجانی کورد لە بەریتانیا کە رەنگە بەهۆی نەشارەزاییان لە یاساکان یان رووداوی نەخوازراوەوە بکەونە زیندان، بۆیە شارەزایانی یاسایی رێنوێنیی کۆچبەران دەکەن کە لەمەودوا بۆ هەموو کارێکیان پشت بە پارێزەر ببەستن و دوور بکەونەوە لە قسەی ناو خەڵک و دەنگۆکان.