ترەمپ: خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە لایەن ئێرانەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانوستاندن نابێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە زانیاری لەبارەی پرۆسەی گەڕان بە دوای ئەو ئەندامەی دیکەی تیمی فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بدات کە هێشتا چارەنووسی دیار نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانوستاندنەکان نابێت.
 
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی کورتدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی، ترەمپ نائومێدیی خۆی دەربڕی لە شێوازی رووماڵکردنی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ جەنگەکە.
 
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ئاسمانی ئێران کاریگەری دەبێت لەسەر هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "نەخێر".
 
ترەمپ گوتی: "نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. نەخێر، ئەمە جەنگە. ئێمە لە جەنگداین."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سیستمی دژە مووشەکی وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی جەنگیی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە نێوەڕاستی ئێران خستوەتە خوارەوە. 
 
دوای ئەو هەواڵە، گەڕانی هێزی ئەمریکا بەدوای ئەندامانی تیمی فڕۆکەکە دەستی پێکرد و ئێوارەی ئەمڕۆ چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایانگەیاند، یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەیان دۆزیوەتەوە کە زیندووە بەڵام چارەنووسی ئەوی دیکەیان دیار نییە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆش گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی دیکەیان خستوەتە خوارەوە کە کەوتوەتە نێو کەنداو. 
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیش بڵاویکردەوە، دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە کە رۆژی هەینی ئەو فڕۆکەیە تێكشکاوە و کەوتووەتە نێو ئاوی کەنداو. بەرپرسەکان بە رۆژنامەکەیان گوتوە، فڕۆکەکە لە جۆری ئەی تێن وۆرتهۆک بووە و لە نزیک تەنگەی هورمز خراوەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکە رزگار کراوە.