هاوردە و هەناردەی ماددە و پێویستییەکان لە جیهان چەند کەمی کردووە؟
رووداو دیجیتاڵ
جگە لە نەوت و گاز، گەمارۆی ئێران بۆ سەر تەنگەی هورمز گەیاندنی کاڵا و کەرەستە خاوە سەرەکییەکانی بۆ بازاڕەکانی جیهان پەکخستووە. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای هەواڵگریی دەریایی (AXSMarine)، قەبارەی گشتیی کاڵا وشکەکان لە 7.5 ملیۆن تۆن لە مانگی شوباتەوە بۆ تەنیا 1.3 ملیۆن تۆن لە مانگی ئادار دابەزیوە، ئەم کەمبوونەوەیە بەڕێژەی 83% تۆمار کراوە.
ئاستی کەمبوونەوەی پێداویستییەکان بەپێی داتاکانی ئەو کۆمپانیایە بەم شێوەیەیە:
1- کەرەستە خاوەکان: 93% کەمی کردووە
هەناردەی کەرەستە خاوەکانی وەک بەردی کلسی بۆ چیمەنتۆ، گۆگرد بۆ پەین و ماددە کیمیاییەکان، و گەچ بۆ بیناسازی و پیشەسازی، لە پێنج ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 326 هەزار تۆن دابەزیوە.
2- پەینی کشتوکاڵی: 92% کەمی کردووە
گەیاندنی پەین کە بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و کشتوکاڵ لە وڵاتانی وەک بەڕازیل، چین، هیندستان و ئەفریقا زۆر گرنگە، لە یەک ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 82 هەزار تۆن کەمی کردووە.
3- ئاسنی خاو و پۆڵا: 65% تاوەکو 93% کەمی کردووە
هەناردەی ئاسنی خاو کە بۆ دروستکردنی باڵەخانە و ئامێرەکان بەکاردێت 65% کەمی کردووە. هاوکات، هەناردەی بەرهەمە پۆڵاییەکان بە رێژەی 93% داڕماوە و لە 162 هەزار تۆنەوە بۆ تەنیا 11 هەزار تۆن دابەزیوە.
4- هاوردەی دانەوێڵە: 92% کەمی کردووە
هاوردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بۆ ناو وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی ترسناک کەمی کردووە و لە 2.3 ملیۆن تۆنەوە بۆ 196 هەزار تۆن دابەزیووە، کە ئەمە مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکە دروست دەکات.
کۆمپانیای AXSMarine ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانەی لە مانگی ئاداردا گواستراونەتەوە جۆرەکەیان نادیار بووە، ئەمەش بەهۆی پەککەوتن و دەستکاریی سیگناڵی کەشتییەکان لە ناوچەی ململانێکەدا.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20%ی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی پێدا هەناردەدەکرا.