سی ئای ئەی 1200 کارمەندی کەم دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا کە بە CIA ناسراوە، پلانی هەیە 1200 کارمەند کەم بکاتەوە. دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەش هەزاران هەلی کار کەم دەکەنەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ ئەندامانی کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە بەنیازە ژمارەی کارمەندانی سی ئای ئەی کەم بکاتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەیەوێت لە چەند ساڵێکدا ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ بکات و بەشێکیشی لە رێگەی کەمکردنەوەی دامەزراندن دەبێت، نەوەک دەرکردنی کارمەند.
سی ئای ئەی هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام گوتەبێژێک بەناوی دەزگاکەوە رایگەیاند، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی "چالاکانە کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کارمەندانی CIA وەڵامدەرەوەی پرسە ئەمنییە نیشتمانییەکانی ئیدارەی ئەمریکان."
گوتەبێژەکەی دەزگاکە دەشڵێت، "ئەم هانگاوانە بەشێکن لە ستراتیژییەکی گشتگیر بۆ ئەوەی وزە بە دەزگاکە ببەخشرێت، دەرفەت بۆ سەرکردە نوێکان بڕەخسێندرێت و سی ئای ئەی بخرێتە پێگەیەک کە باشتر ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات."
راتکلیف پێشتر بە کۆنگرێسی ئەمریکای راگەیاندبوو، لەژێر سەرۆکایەتی ئەودا دەزگاکە "رێگە نادات هەرگیز لایەنگیری سیاسی یان هیچ کەسێک کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان دروست بکات."
CIA لە سەرەتای ئەم ساڵدا بووە یەکەم دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی کە بەشداری لە پرۆگرامی خۆبەخشانەی کەمکردنەوەی کارمەندان کرد کە ترەمپ پێشنیازی کردبوو.
لە ئاداری ئەم ساڵدا دەزگاکە رایگەیاند، وەک بەشێک لە سیاسەتی بچووککردنەوەی حکومەت، ژمارەیەک ئەفسەری گەنج لە کارەکانیان دووردەخاتەوە.
هەر ئەو کاتە، گوتەبێژێک بەناوی دەزگاکە گوتی، ئەو ئەفسەرانەی کە کێشەیان هەیە یان بۆ کاری هەواڵگری بە گونجاو داناندرێن، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو کەسێک ناتوانێت بەرگەی گوشارەکانی کارکردنی دەزگەکە بگرێت.
CIA کورتکراوەی دەزگای هەواڵگریی ناوەندییە، ئەرکیشی کۆکردنەوە، شیکردنەوە و کارکردنە لەسەر وڵاتەکان، حکومەتەکان، کۆمپانیا دەرەکییەکان و کەسایەتییە بیانییەکان کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە هەیە.
دەزگەکە زیاتر تیشک دەخاتە سەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هێرشە سایبەرییەکان، پێشهاتە سیاسییەکانی دەرەوە و توانا سەربازییەکانی وڵاتانی دیکە.