دەنگی ئەمریکا دەست بە پەخش دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بڵاویکردەوە، یەکێک لە پارێزەرانیان ئیمەیڵێکی لە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە دەنگی ئەمریکا دەتوانێت هەفتەی داهاتوو دەست بە پەخش بکاتەوە. سەرنووسەری دامەزراوەکەش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
رۆژی شەممە، سێی ئایاری 2025، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووری فەرەنسی بڵاویکردەوە، پارێزەرانیان ئیمەیڵێکیان لە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە دەتوانن هەفتەی داهاتوو دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. ئەمە دوای ئەوەی 15ـی ئاداری ئەم ساڵ بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کارەکانیان راگیران. 
 
دامەزراوەی دەنگی ئەمریکا، رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و ژماریەک رێکخراوی دیکە داوای تێهەڵچوونەوەیان پێشکێشی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا کرد. 
 
ستیڤ هێرمان، سەرنووسەری دەنگی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بڵاویکردەوە، یەکێک لە پارێزەرەکانیان ئیمەیڵێکی لە وەزارەتی دادەوە پێگەیشتووە و دەڵێت، کارمەندانیان دەتوانن قۆناخ بە قۆناخ دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و هەفتەی داهاتووش دەست بە پەخش بکەنەوە. 
 
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، دوو لە رۆژنامەڤانانی دەنگی ئەمریکا پێیان راگەیاندوون کە ئیمەیڵی هاوشێوەیان پێگەیشتووە. رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووریش دەڵێت، وەزارەتی داد لە ئیمەیڵەکەیاندا بۆ پارێزەرەکانیان گوتوویانە کە هەزار و 406 ئیمەیڵی کارمەندانی دامەزراوەکەیان چالاککردووەتەوە. 
 
ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیا، کۆنترۆڵی هەموو ئەو دامەزراوە میدیایانە دەکات کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن و دەنگی ئەمریکاش یەکێکە لەو دامەزراوانە. 
 
دەنگی ئەمریکا ساڵی 1942 دامەزراوە و بە چەندین زمان، لەوانە کوردی، بڵاوکراوە و وێبسایتیان هەبووە.