ویتکۆف: لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆداین
رووداو دیجیتاڵ
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ تاران "لە گفتوگۆدایە." ئەمەش لە کاتێکدایە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی خەریکی پێداچوونەوەیە بەو وەڵامەی کە ئەمریکا بۆ دوایین پێشنیازی ئاشتیی تاران ناردوویەتی.
ویتکۆف، کە یەکێکە لە دانوستاندنکارە سەرەکییەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لە یانەی گۆڵفی (دۆرال) لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بینرا کاتێک ئامادەی پاڵەوانێتییەکی گۆڵف بوون. کاتێک رۆژنامەڤانێک سەبارەت بە دوایین پێشهاتی گفتوگۆکان پرسیاری لێکرد، ویتکۆف تەنیا گوتی: "ئێمە لە گفتوگۆداین."
هەرچەندە دانوستاندنەکان لە دوای چەقبەستووییەکی زۆر چڕتر بوونەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا گەشبین دیار نییە. ترەمپ رۆژی شەممە لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسی، "ناتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم" کە پێشنیازەکەی ئێران قبووڵکراو بێت، چونکە بە گوتەی ئەو ئێرانییەکان هێشتا "باجێکی ئەوەندە گەورەیان نەداوە" بەرامبەر بەوەی لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و جیهان کردوویانە.
وەڵام و پێشنیاز
لە تاران، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، وڵاتەکەی پلانێکی 14 خاڵیی بۆ "کۆتاییهێنان بە جەنگ" پێشکێش کردووە و واشنتن لەرێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامی داوەتەوە. بەقایی گوتی: "ئێمە پێداچوونەوە بەم وەڵامەدا دەکەین و هەر کاردانەوەیەکی پێویست بێت، دەینێین."
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، پێشنیازەکەی ئێران "ماوەی یەک مانگی" بۆ دانوستاندنەکان دیاریکردووە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و جەنگ لە ئێران و لوبنان.
هۆشداریی سوپای پاسداران
دانوستاندنەکان لە کاتێکدا بەردەوامن کە سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەمریکا لە نێوان دوو بژاردەدا ماوەتەوە: یان "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی مەحاڵ" یان "رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران." سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کایەی بڕیاردان بۆ ئەمریکا تەسک بووەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە زمانێکی تووند هێرشی کردە سەر ئەمریکا و لە ئێکس نووسی: "ئەمریکا تەنیا چەتەی جیهانە کە فڕۆکەهەڵگری هەبێت... خۆتان بۆ گۆڕستانی فڕۆکەهەڵگرەکانتان ئامادە بکەن."
دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا ئامادە نەبوو وردەکاریی ئەو هۆکارانە باس بکات کە دەبنە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، تەنیا گوتی: "ئەگەر رەفتاریان خراپ بێت، یان شتێکی خراپ بکەن... ئەوە ئەگەرێکە کە بێگومان دەکرێت رووبدات."
هاوکات، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی بەشێکە لە گەمارۆیەکی ئابووریی فراوانتر. بێسێنت بە (فۆکس نیوز)ـی گوت: "ئێمە خەریکە رژێمەکە دەخنکێنین، ئەوان تەنانەت ناتوانن مووچەی سەربازەکانیشیان بدەن."
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەپێی پڕۆژەیاسایەک کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، 30٪ـی ئەو باجەی لە تەنگەی هورمز لە کەشتییەکان وەردەگیرێت بۆ ژێرخانی سەربازی تەرخان دەکرێت. نیکزاد گوتی: "بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی گرنگترە."
لە ناوخۆی ئێرانیشدا، کاریگەرییەکانی جەنگ و گەمارۆ قووڵتر بوونەتەوە؛ هەڵاوسان 50٪ـی تێپەڕاندووە و هەناردەی نەوت زۆر کەمبووەتەوە.