ترەمپ: پێشنیازەکەی ئێرانم بەدەست گەیشت و پێی رازی نیم

 

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی بینیوە و بەلایەوە قبووڵکراو نییە. هەروەها داوا دەکات لێبووردن بۆ بنیامین نەتەنیاهوو دەربچێت تاوەکو تەنیا سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی جەنگ بێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاند: "ئاگاداری پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بووم، بەڵام ئەوە قبووڵکراو نییە." سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارە سەربازییەکانیش دژی تاران و هاوپەیمانەکانی، ترەمپ گوتی: "شەڕەکە بە شێوەیەکی نایاب بەڕێوەدەچێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە بارودۆخی ناوخۆیی ئیسرائیل و ئەو گوشارە یاساییانە کرد کە لەسەر سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەن. ترەمپ گوتی: "پێویستە لە نەتەنیاهوو خۆش بن؛ ئیسرائیل پێویستی بە سەرۆکوەزیرانێکە کە سەرنجی لەسەر جەنگ بێت، نەک بابەتە لاوەکییەکان."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: وەڵامی ئەمریکامان لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ وەرگرت
 
 هاوکات راوێژکاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، وەڵامی ئەمریکایان لەبارەی پێشنیازەکەی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ وەرگرتووە و ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەن لێی. هەروەها ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پێشنیازی ئێران بۆ لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن.
 
راوێژکاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "پێش چەند کاژێرێک وەڵامی ئەمریکامان لەسەر پێشنیازەکەمان پێگەیشت. واشنتن چەند هەموارێکی بۆ پێشنیازەکەمان پێشکێش کردووە، ئێمە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکەین و لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامەکەیان بۆ دەنێرینەوە."
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە رایگەیاند، تاران بەردەوام سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنانە بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و گوتی: "پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕمان لە بەرە جیاوازەکاندا کردووە، لەوانەش لوبنان، هەروەها تاوتوێکردنی بارودۆخی تەنگەی هورمزیش بەشێکە لەو پێشنیازە."
 
سەبارەت بە دەنگۆی لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز، راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتی: "ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن کە ئێمە پێشنیازی لادانی مینەکانمان لە تەنگەی هورمز کردبێت، دوورن لە راستییەوە. واشنتن تەنگەی هورمزی بۆ ناردنی هاوکاری بۆ هێزەکانی لە ناوچەکەدا بەکارهێناوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد و گوتی: "لەگەڵ عومان هاوکاری دەکەین بۆ گرتنەبەری رێکاری دیاریکراو تاوەکو دڵنیابین هیچ هێرشێک دژی ئێران ناکرێت. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی کەناراوەکان هاوئاهەنگی دەکەین سەبارەت بە بارودۆخی تەنگەی هورمز."