گیانلەدەستدان بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەرەوە لە هیندستان گەیشتە 288 کەس
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو سێ شەمەندەفەر لە هەرێمی ئۆدیشای رۆژهەڵاتی هیندستان پێکیاندادا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 288 کەس بەرزبووەوە و 900 کەسیش برینداربوون.
رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیرانی 2023، پرادیپ جینا، سەرۆکی هەرێمی ئۆدیشا لە تویتێکدا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی ئەو رووداوەوە زیاتر بەرزببێتەوە و گوتیشی، "زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و زیاتر لە 180 پزیشکیش لە شوێنی رووداوەکەن".
سودانشو سەرەنگی، سەرۆکی فەرمانگەی باری شارستانیی ئۆدیشا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە 288 کەسە.
ئامیتا شارما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی هێڵی شەمەندەفەری هیندستان رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو شەمەندفەری سەرنشین هەڵگر روویداوە و ئاماژەی بەوەشکرد، شەمەندەفەری سێیەم تایبەت بووە بە گواستنەوەی شمەک و لە شوێنی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی دیکەدا وەستاو بووە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە رێگەی تویتەرەوە رایگەیاند، بە رووداوەکە خەمبارە و وەزیری گواستنەوەی راسپاردووە ئەوەی پێویست بێت بیکات.
گیانلەدەستدان و برینداربوون لە هیندستان لە ئەنجامی رووداوی تایبەت بە شەمەندەفەر کەم نییە، بەڵام چەند ساڵێکە وەبەرهێنانی گەورە لە پڕۆژەکانی گواستنەوە کراوە و ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ژمارەکە ساڵ دوای ساڵ کەمتر بێتەوە.
خوێناویترین رووداوی شەمەندەفەر کە لە هیندستان روویدابێت، ساڵی 1981 بوو، کاتێک کە شەمەندەفەرێک لە کاتی پەڕینەوەی لە پردێکدا لە هەرێمی بیهار لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کەوتە نێو رووبارێکەوە و بەوهۆیەوە نزیکەی 1000 کەس گیانیان لەدەستدا.