حکومەتی هۆڵەندا هەڵوەشایەوە؛ کۆمەڵێک داواکاریی تایبەت بە پەناخوازان هۆکار بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

خێرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری هۆڵەندا، بەهۆی جێبەجێنەکردنی 10 داواکارییەکەی تایبەت بە تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر کۆچبەران و دیپۆرتنەکردنەوەی پەناخوازانی سووریایی، لە حکومەتە 11 مانگییەکەی هۆڵەندا کشایەوە و بەو هۆیەوەش حکومەت هەڵوەشایەوە.
 
دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، رۆژی سێشەممە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی راگەیاند و ئاماژە بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پیشکێشی شای هۆڵەندا دەکات.
 
هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دوای کشانەوەی پارتی راستڕۆی "بۆ ئازادی هۆڵەندا" (PVV) بە سەرۆکایەتیی خێرت ڤیڵدەرز، سیاسەتڤانی تووندڕۆی دژە کۆچبەر هات، کە داواکارییەکی 10 خاڵی تایبەت بە کۆچبەر و پەناخوازان دابووە حکومەت.
 
ئەو پارتە رۆژی 26ی ئادار داواکارییە 10 خاڵییەکەی دایە حکومەت و داوای کرد بە زووترین کات جێبەجێیان بکات.
 
2ی حوزەیران، داواکارییەکانی پارتی PVV لەلایەن حکومەتەوە رەتکرانەوە و هەر ئەو رۆژەش ڤێڵدەرز کشانەوەی پارتەکەی کە خاوەنی 37 کورسییە لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان راگەیاند و ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی حکومەتی پێکهێناوە. 
 
10 داواکارییەکەی پارتەکە بریتی بوون لە راگرتنی سەرجەم داواکارییە نوێیەکانی مافی پەنابەرێتی، جێگیرکردنی سوپا لەسەر سنوورەکانی هۆڵەندا تاوەکو رێگری لە چوونە ژوورەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بکەن، داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی وەرگرتن و مانەوەی پەناخوازان و راگرتنی کردنەوەی ناوەندی نوێ، راگرتنی بەرنامەی "شادبوونەوەی خێزانەکان" بەشێوەیەکی کاتی کە رێگە بە پەناخوازان دەدات ئەندامانی خێزانەکەیان ببەنە هۆڵەندا.
 
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکان بریتی بوو لە دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی سووریایی، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی بەشێک لە سووریا سەلامەتە و پێویستە پەناخوازەکان رەوانەی ئەو بەشە بکرێنەوە.  
 
داواکارییەکی دیکە بریتی بوو لە جێبەجێکردنی سیاسەتی "یەک هەڵە و دەرکردن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی هەر پەناخوازێک یان پەنابەرێک تاوانبار کرا بە هەر تاوانێکی تووندوتیژی و سێکسی، راستەوخۆ دیپۆرت بکرێتەوە. 
 
خاڵەکانی دیکە بریتی بوون لە سنوورداکردنی هاوکاریی یاسایی بۆ  پەناخوازان لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی کەیسیان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای پێدانی مانەوەی هەمیشەیی بە پەناخوازان.
 
کابینەی حکومەتی هۆڵەندا رۆژی 2ی حوزەیران کۆبوویەوە و رایانگەیاند، ئەو داواکارییانە دژی مافەکانی مرۆڤن و ناتوانرێ جێبەجێ بکرێن. 
 
لەکاتی راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند: "لەچەند رۆژی رابردوودا هەر چوار سەرکردەی پارتی پێکهێنەری حکومەتم ئاگادار کردبوویەوە کە هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە هەنگاوێکی پێویست نییە و نابەرپرسیارانەشە". 
 
دیک سخۆف رایگەیاند، لە پۆستەکەی وەک کاربەرێکەر دەمێنێتەوە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت.