کەسێک لە فینلاند بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک

رووداو دیجیتاڵ
 
کەسێک لە مۆڵێکی فینلاند بە چەقۆ هێرشی کردە سەر کۆمەڵێک کەس. پۆلیس هێرشکارەکەی دەستگیرکرد و دەڵێت، هیچ مەترسییەک نەماوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 03-07-2025 لە مۆڵی (راتینا) لە شاری تامپێرێی نێوەڕاستی فینلاند، کەسێک بە چەقۆ هێرشی کرد و چەند کەسێکی بریندارکرد. 
 
پۆلیسی شارەکە گەیشتە شوێنی رووداوەکە و هێرشکارەکەیان دەستگیرکرد. تیمەکانی فریاگوزاریش هەر لەوێ چارەسەری سەرەتاییان بۆ کۆمەڵێک بریندار کرد و دواتر بۆ نەخۆشخانەیان گواستنەوە. 
 
گوتەبێژێكی پۆلیسی شارەکە گوتی: "دۆخەکە ئێستا ئارامە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نەماوە."
 
پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا ناتوانن هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی برینداران، رەچەڵەکی هێرشکارەکە و پاڵنەری رووداوەکە بدەن.