وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا: هەرێمی کوردستان رۆلێکی گرنگ لە شەڕی تیرۆردا دەبینێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆلێکی گرنگ لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە سەربازانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان یارمەتی بە ئارامی هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، دوای رۆژێک لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، هانۆ پێڤکور، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان رۆلێکی گەورە لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینێت. سەربازانی ئیستۆنیا لە هەولێر یارمەتی بە ئارامی هێشتەنەوەی ئەمن و ئاسیشی هەرێمەکە دەدەن و خۆشحاڵبووم کە گوێم لە بەڕێز [نێچێرڤان] بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو جەختی لە هەمان شتن کردەوە."
رۆژی 02-08-2023، هانۆ پێڤکور، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لەگەڵ هانۆ پیڤکور، حکومەتی هەرێمی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە گفتوگۆ کرا و "جەخت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرایەوە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی "گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هەردوولا" گفتوگۆ کرا بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش. لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی "سوپاسی هێزەکانی ئیستۆنیای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە."
وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی و بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە دەربڕی، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
بەشداری ئیستۆنیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و بە چەند شێوەیەک یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی داوە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014دا ملیۆنێک گوللەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق نارد. لە ساڵی 2015دا 140 دۆشکە، 110 چەکی ئۆتۆماتیک و 230 دەمانچە و 21 هەزار گوللەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق نارد.
لە 2016یشەوە نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیرکردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.
مانگی نیسانی ئەمساڵیش وەزارەتی بەرگریی ئیستۆنیا بڵاویکردەوە، ئەو مانگە یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر جێگیردەکرێت؛ ئەرکی یەکەکە پاراستنی بنکە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی خێرا دەبێت.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتە ئەوروپییەکەدا هاتووە، یەکەکە لە 110 سەرباز و ئەندامی بەرگریی ئیستۆنی پێکدێت کە سەر بە بەتالیۆنێکی پیادە و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەو وڵاتەن. ئەو یەکەیە شوێنی هێزێکی هۆڵەندی دەگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەولێر دەمێنێتەوە.